پێشەوا هەورامانی: حکومەتی هەرێمی کوردستان هاووڵاتییانی خۆی بەجێناهێڵێت و لەگەڵیان دەبێت

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رێککەوتنی هەردوو شاندی هەرێم و بەغدا رایگەیاند، رێککەوتنی ئەمجارەی هەرێم و بەغدا دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنێکی باشی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی بووە.

پێشەوا هەورامانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتنێكی جددی لەگەڵ بەغدا دەستی بە گفتوگۆ کردووە و بەتەواوەتی ئامادە بووە بۆئەوەی هەر کارێک لەسەر شانی بێت جێبەجێی بکات و هیچ خاڵێك نەهێڵێتەوە.

سەبارەت بە پەیامی حکومەت بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، پێشەوا هەورامانی رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هاووڵاتییانی خۆی بەجێناهێڵێت و لەگەڵیان دەبێت، هەروەها لەسەر ئەو مافە دەستووریانەی لەلای حکومەتی عێراقییە، شاندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن و بە نیەتی چارەسەر دەچنە پێشەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، رێککەوتنی هەرێم و بەغدا دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنێکی باشی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی بووە، گوتیشی: پێشتریش رامانگەیاندبوو، کە پەیوەندییەک لەنێوان هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەبووە، بە نیەتی رێککەوتن.

پێشەوا هەوارامانی جەختی کردەوە لەوەی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زۆر خەمخۆرانە کاری کردووە بۆئەوەی بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت، گوتیشی: ئەوانەی پێش رێککەوتنەکان قسەی سەیر و سەمەرەیان کردووە، دوای رێککەوتنەکان بێدەنگ دەبن، چونکە کاری ئەوان قسەیە و ئێمەش کردار.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، چاوەڕێی گەیشتنی پارە دەکەن لە بەغداوە بۆئەوەی راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

لەبارەی رێککەوتنی ئەمجارەی هەرێم و بەغدا، پێشەوا هەورامانی ئەوەی خستەڕوو، هەمیشە بە ئومێدەوە سەیری داهاتوو دەکەن و چاویان لەوەیە کە هەرێمی کوردستان داهاتوویەکی باش و گەشی هەبێت، گوتیشی: زۆر جار کۆسپ و تەگەرە بۆ رێککەوتنەکان دروست کراوە کە خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە، بەڵام ئەمجارە هەماهەنگییەکی باش لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە و چاومان لەوەیە جگە لە پرسی مووچە، هەموو پرسەکانی دیکە کە تێبینمان هەیە لەسەری، هەنگاو بە هەنگاو چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە و هەرچی لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت جێبەجێی دەکات، بۆئەوەی خەڵكی هەرێمی کوردستان لە دوودڵی و  دڵەڕاوکێ دووربخاتەوە.

وەک گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لێوە کرد، لەو رۆژەی کابینەی نۆ پێکهێنراوە، رای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەوە بووە، کە هەموو ئەو لایەنانەی بەشدارن لە پێکهێنانی حکومەت لە بەغدا و لە هەرێم وەک یەک تیم کار بکەن.

پێشەوا هەوارامانی دەشڵێت: ئێمە پاڵپشتییەکی جددیمان لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نەبینیووە، چونکە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو لەلایەن هاوزمانەکانی خۆمانەوە دژایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قەوارەی سیاسی و دەستووری هەرێم کراوە.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێم داوای لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، ئەگەر نیەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیان هەیە، با مووچە و قووتی خەڵک نەکەن بە هۆکارێک بۆ بانگەشە و بۆ لێدان لەو حکومەتەی کە نوێنەرایەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات.