هەندێک لایەن گرەوەکەیان دۆڕاند

K24 – هەولێر

ئەو لایەنە نێوخۆیانەی گرەویان لەسەر شکستهێنانی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق دەکرد، گرەوەکەیان دۆڕاند.

لەکاتێکدا بەشێک لەلایەنەکان لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە لە چەند رۆژی رابردوودا گرەویان لەسەر شکستهێنانی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق دەکرد، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران سەردانی بەغدای کردەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆش لەسەر واژۆکردنی کۆنووسێکی هاوبەش بۆ رەوانەکردنی تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا رێککەوتن، بەمەش جارێکی دیکە ئەو لایەنانە لە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوون و وەکو پیشەی هەمیشەیان گرەوەکەیان دۆڕاند.

رێککەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، یەکێک بووە لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەکاتی راگەیاندنی کارنامەی حکومەتەکەیدا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، كاری له‌ پێشینه‌ گه‌شه‌پێدانی هاوبه‌شی بنیاتنەر‌ و سه‌قامگیره‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا و ده‌ستوور بنه‌مایه‌كی جه‌وهه‌رییه‌ له‌ گفتوگۆكاندا.

سەرباری دروستکردنی چەندین ئاستەنگ و بەربەست لەلایەن هەندێک لایەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە مافەکانی لە عێراق نەگات، بەڵام سەرۆکوەزیران لەسەر بەدەستهێنانی مافە دەستووریی خەڵکی کوردستان پێداگیربووە، دوای پەسندکردنی بودجەی عێراقیش جارێکی دیکە ئاستەنگ بۆ رەوانەکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستکرا، هەندێک لایەن لەنێوخۆی هەرێمی کوردستانیش حکومەتیان بە پابەندنەبوون بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا تۆمەتبار دەکرد.

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، لەبارەی پێداگیری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بە کوردستان24ی راگەیاند، شاندی هەرێمی کوردستان لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی بەغدای کردووە و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش جەختکردنەوە بوو لەسەر سووربوونی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە.

لە ئاداری ئەمساڵ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان وەستا، بەشێک لەلایەنەکانیش بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، بە وەستانی هەناردەی نەوت حکومەتی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی قەیرانێکی گەورە دەبێتەوە، ئەوکات مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران رایگەیاند، "ئەوانەی ئەمڕۆ لەگەڵمان ناوەستن، با سبەی خۆیان نەکەنە خاوەن دەستکەوتەکانمان و سوود لە سەرکەوتنەکانمان وەرنەگرن".

Fly Erbil Advertisment