ئەمەریکا بۆ یەکەمجار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەداتە ئۆکرانیا

فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکا
فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

ئەمەریکا لە چواروچێوەی پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا، بۆ جاری یەکەم فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەو وڵاتە دەدات.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 26ـی تەممووزی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن)، پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازیی 400 ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆکرانیا ئاشکرا کرد.

لە راگەیەندراوێکی پێنتاگۆندا ئەوە خراوەتەڕوو، پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازیی دەدرێتە ئۆکرانیا و لە چوارچێوەی ئەم پاکێجەشدا بۆ یەکەم جار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "Hornet" دەدرێتە ئەو وڵاتە. هەروەها پاکێجەکە تەقەمەنیی سیستمی بەرگری ئاسمانی، تۆپهاوێژ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، لەخۆدەگرێت.

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لە راگەیەندراوەکەیدا جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بۆ دابین کردنی هاوکاریی سەربازیی بەپەلە و ماوە درێژ بۆ ئۆکرانیا.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا دەربارەی پاکێجەکە ئاماژەی بەوە دا، "هاوکاری سەربازیی زۆر گرنگ لەخۆدەگرێت".

لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا و تا ئێستا، ئەمەریکا بە گوژمەی 41 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازیی پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە. کۆتا جاریش لە 19ی تەمووزدا پنێتاگۆن پاکێجێکی 1.3 ملیار دۆلاری بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا راگەیاند.

Fly Erbil Advertisment