نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەرۆککۆماری نەیجەر دەکات

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممەی، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دەستبەجێ و بێ مەرجی ئازادکردنی محەمەد بازوم، سەرۆکی نەیجەر و گەڕاندنەوەی سیستەمی دەستووری لەم وڵاتەدا کرد، دوای ئەوەی شەوی رابردوو کودەتای سەربازییان بەسەر بازوم دا کرد و دەستگیریان کرد.
ڤۆڵکەر تورک، کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، "بەهۆی هەوڵی کودەتا سەربازییەکەی نەیجەر تووشی شۆک و دڵتەنگ بووم و بە توندترین شێوە ئیدانەی دەکەم"، ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ گەڕاندنەوەی دەستور و سەروەری یاسا.
تورک گوتیشی: "پێویستە دەستبەجێ و بێ مەرج سەرۆککۆمار محەممەد بازوم ئازاد بکرێت و ئاسایشی ئەویش مسۆگەر بکرێت"، دەشڵێت: "ئەو ئەندامانی حکومەتەکەی و کەسوکارەکانیان کە دەستبەسەرکراون، دەبێت دەستبەجێ و بەبێ مەرجی پێشوەختەش ئازادبکرێن".
تورک داوای لە "هەموو لایەنەکان کرد کە خۆیان لە توندوتیژی بەدوور بگرن و رێز لە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هەمووان بگرن"، ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی: پاراستنی ئەو دەستکەوتە گرنگە دیموکراسیانەی لە ساڵانی رابردوودا بەدەست هاتوون، لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی نەیجەرە
عەقید مەیجور ئەمادۆ عەبدولرەحمان لەگەڵ نۆ سەربازی دیکەی رایگەیاند: "ئێمە هێزی بەرگری و ئاسایش کە لە ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ پاراستنی نیشتمان کۆبووینەوە، بڕیارمانداوە کۆتایی بەو سیستەمە بهێنین"، کودەتایان بەسەر حکومەتی بازوم دا کرد.
دوای مالی و بورکینافاسۆ، نەیجەر تا ئێستا هاوپەیمانی وڵاتانی رۆژئاوایە، سێیەم وڵاتی ناوچەی ساحلە لە ساڵی 2020ەوە کە کودەتای بەسەردا کراوە.