محەممەد زراری: بەغدا بڕوای بە داتاکانی کوردستان هەیە

محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی چاودێری دارایی
محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی چاودێری دارایی

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی عێراق هەماهەنگییەکی زۆر باشیان و هەیە، تاکو ئێستا دیوانی چاودێری دارایی عێراق رەخنەیان لەسەر کارەکانی دیوانی چاودێری هەرێم نەبووە، هاوکات گوتیشی: بەغدا بڕوای بە داتاکانی کوردستان هەیە.

محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24، رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ شەوی شاندی هەولێر و بەغدا، ئەو رێککەوتنەی نێوانیان کە واژوو کرا، بە واتەی ئەوە دێت حکومەتی عێراق دەسەلمێنیت کە بڕوای بە داتای هەرێمی کوردستان کردووە و رەخنەیان لەسەری نییە.

هاوکات راشیگەیاند، لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی عێراق  هەماهەنگییان زۆر باشە، هەروەها دەڵێت: لە ساڵانی رابردووش هەماهەنگیمان لەگەڵ یەکتر باش بووە، بۆ نموونە کاتێک ویستوویانە شایستە داراییەکان بنێرن، لیژنەیەکیان ناردوە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر بابەتەکە و تا  ئیستا هیچ تێبینییەکیان نەبووە لەسەر ئامار و داتاکان.

بەڕێوەبەری گشتی دیوانی چاودێری دارایی، ئاماژەی بەوەدا، بۆ مەبەستی پاکتاوکردن و خەرجیەکانی هەرێمی کوردستان، راپۆرتی خۆیان سەبارەت بە دۆسیەی فەرمانبەرانی هەرێم و خەرجییەکان رادەستی لیژنەی چاودێری دارایی عێراق کردووە، لە چواڕوانی وەڵامی ئەوان دان.

باسی لەوەشکرد، یاسای بودجە دەبێت لە 1ـی کانوونی دووەمەوە جێبەجێ بکرێت و پشکی هەرێمی کوردستان بۆ سەرجەم ئەو مانگانە بنێردرێت.

محەممەد زراری، لەبارەی رێککەوتنی نیوان هەولێر و بەغدا، گوتی: "زۆر گرنگ بوو ئەو رێککەوتنەی نێوانیان کە دوێنێ واژوو کرا، سەرجەم کارەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە تەواو بووە، ئەوە ماوەتە تەنیا هەندێک وردەکارییە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی لەسەر ئەویش رێکدەکەون".

گوتیشی: "حکومەتی عێراق دوو هەژماری بانکی دەکاتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، یەکیان بۆ داهاتی نەوتی، ئەویدیکەیان بۆ داهاتی نانەوتی".

رۆژی چوارشەممە (26ـی تەمموزی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە ئەنجامی پەیوەندی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و دوای گەیشتنی شاندەکەش بۆ بەغدا راستەوخۆ دەست بە کۆبوونەوەکان کرا.

دوای ئەوەش کاتژمێر 1:30ـی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە (27ـی تەمموزی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه،‌ به‌ مه‌به‌ستی ناردنی شایسته‌ داراییه‌‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له‌گەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی گه‌یشتنه‌ رێکكه‌وتن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان لەیاسای بودجەدا و له‌و چوارچێوه‌یه‌شداكۆنووسێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردوو شانده‌كه‌ واژۆ كرا و بڕیار وایه‌ ده‌ستبه‌جێ تەمویلی هه‌رێمی كوردستان بكرێت.

لەلایەن خۆیەوە، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆکایەتی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کۆنووسەی واژۆکراوە بۆ کۆی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە و رێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە لە زووترین کاتدا دەست بە تەمویلکردنی هەرێمی کوردستان بکرێت.

هاوکات لەلایەن خۆیەوە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ریگەیاند، "شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی گەیشتنە رێککەوتن و لە زووترین کاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت".

Fly Erbil Advertisment