ئیتاڵیا به‌هۆی خراپی كه‌شوهه‌واوه باری نائاسایی راگه‌یاند

K24 – هەولێر:
خراپی كه‌شوهه‌وا له ئیتاڵیا به‌رده‌وامه به‌تایبه‌تی دوای هه‌ڵكردنی زریان و گه‌رده‌لوولێكی نوێ هه‌رێمی لۆمباردی گرته‌وه و خێراییه‌كه‌ی له كاتژمێرێكدا 100 كیلۆمه‌تر ده‌بڕێت و به‌هۆیه‌وه هه‌زاران داری به ره‌گه‌وه له زه‌وی هه‌ڵكێشاوه و به‌شێكی زۆری رێگا سه‌ره‌كییه‌كانی داخستووه.
له‌لای خۆیه‌وه جیۆرجیا میلۆنی، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیتاڵیا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ی رووده‌دات بارودۆخێكی نیگه‌رانكه‌ره و پێشبینی ناكرێت، گوتووشیه‌تی، ئێستا بارودۆخه‌كه مه‌ترسیداره و پێویستیان به سه‌رچاوه‌ی زیاتر هه‌یه بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تی وڵاته‌كه‌یان، نه‌شیشاردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی له ئێستادا پێویستیان پێیه، ده‌ستبه‌جێ ناتوانن به‌ده‌ستیبهێنن.
هاوكات هه‌رێمی فریۆلی ڤینیتسیا جۆلی شه‌وی رابردوو رووبه‌ڕووی شه‌پۆلێكی دژواری گه‌رده‌لووله‌كه بووه و پیاوانی فریاكه‌وتن نه‌یاتوانی ده‌ستوه‌ردان بكه‌ن و فریای زیانبه‌ركه‌وتووان بكه‌ون.
له هه‌مووی كاریگه‌رتر ئه‌و بارانه به‌خوڕه‌یه كه ناوه ناوه داده‌بارێ و قه‌باره‌یه‌كی ناوازه‌ی هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ر دڵۆپێكی پێنج سانتیمه‌تر بووه.
له‌لای خۆیه‌وه رۆژنامه‌ی جۆرناڵی ئیتاڵی ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1980ـوه تا ئێستا لانیكه‌م 22 هه‌زار كه‌س به‌هۆی گه‌رده‌لوولی رووداوه سروشتییه‌كانی دیكه‌ی هاوشێوه گیانیان له‌ده‌ستداوه. هاوكات كۆمه‌ڵه‌ی ئیتاڵی بۆ كاروباره ژینگه‌ییه‌كان (SIMA) زیانه ئابوورییه‌كان كه به‌هۆی رووداوه سروشتییه‌كانه‌وه به‌ر ئیتاڵیا كه‌وتوون، به زیاتر له 100 ملیار یۆرۆی خه‌مڵاندووه.