ئەمەریکا داوا لە فەرمانبەرەکانی دەکات هایتی بەجێبهێڵن

K24 - هەولێر

ئەمەریکا داوایەکی ئارستەی فەرمانبەران و هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە، هەرچی زووە وڵاتی هایتی بەجێبهێڵن، دەشڵێت، لەو وڵاتە رفاندن بەربڵاوە و هەمیشە هاوڵاتیانی ئەمەریکیش بە ئامانج دەگیرێن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا فەرمانی بە فەرمانبەرانی حکومەت کردووە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان بە زووترین کات هایتی بەجێبهێڵن.

راشیگەیاند، هۆکاری داواکارییەکەی بۆ جێهێشتنی کارمەندەکان دەگەڕێتەوە بۆ "رفاندن و تاوان و نائارامی مەدەنی و خراپی ژێرخانی چاودێری تەندروستی".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی کە کار بۆ حکومەت ناکەن، پێویستە بە زووترین کات هایتی بەجێبهێڵن "لە رێگەی بژاردەی گواستنەوەی بازرگانی یان بژاردەی دیکەی تایبەتەوە".

جەختیشی لەوەکردەوە، "رفاندن بەربڵاوە و هەمیشە هاوڵاتیانی ئەمەریکی لەنێو قوربانییەکاندا هەن، رەنگە رفێنەران فێڵی ئاڵۆز بەکاربهێنن، تەنانەت تەواوی کاروانەکانیش هێرشیان کراوەتە سەر".

هایتی لە هەوڵدایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو توندوتیژی و ئاژاوەگێڕییانەی کە بەهۆی باندە چەکدارەکانەوە دروست بووە، کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس، بەهۆی رفاندن و دەستدرێژی بەکۆمەڵ و ئەشکەنجەدان و کوشتن.

Fly Erbil Advertisment