هەڵمەتێک بۆ پشکنینی کافتریا و رێستورانتەکان راگەیاندرا

K24 – هەولێر:
بەرێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان هەڵمەتێکی فراوانی بۆ سەر کافتریا و رێستۆرانتەکان دەستپێکردووە، بەمەبەستی پشکنین بۆ بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە توتنی نێرگەلە و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن کارمەندانی کافتریاکان، ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی هاووڵاتییان.
کارمەندێکی تیمی تەندروستی بەشدار لەو هەڵمەتە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەکافتریا و رێستورانتەکان معەسەلی نێرەگەلەکان و تونەکان دەپشکنن، هەروەها ستافەکانیشیان دەپشکنن، بە ئامێری تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان، کە ئامێری زۆر پێشکەوتوون و وردن لە دەستنیشانکردنی ماددە هۆشبەرەکان ئەگەر هەبێت لەلەشی ئەو کەسانەی کە لەو شوێنانە کاردەکەن، ئەمەش بۆ دڵنیاییە بۆ خەڵکی شاری هەولێر.
پشکنینەکان زۆر بە وردی ئەنجامدەدرێت، بەشێک لە تووتنی نێرگەلەکانیش دەبردرێت بۆ پشکنینی تاقیگەی گەورە و ئەو رێستورانت و کافێیانەش کە لە هەڵمەتەکەدا دەپشکندرێن تەواوی ستافەکانیشیان پشکنینی میزیان بۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی بزانن بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن یاخود نا، هاوکات بەلێننامەش بە خاوەنی شوێنەکان پڕدەکرێتەوە.
لەماوەی پێنج مانگدا 93 کافتریا و رێستورانت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و تیمە تەندروستییەکانەوە پشکنینیان بۆ کراوە، هەروەها تاکوو ئێستا لە پشکنینەکان هیچ ماددەیەکی هۆشبەر دەستی بەسەردا نەگیراوە، وابڕیاریشە تەواوی کافێ و رێستورانتەکانی هەولێر بپشکندرێن و جیاوازی نەکرێت لە نێوانیان.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی نەهیشتنی ماددە هۆشبەرەکان، تەنیا لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 1212 تۆمەتبار دەستگیرکراون، لەو ژمارەیەش 503 تۆمەتبار کڕین و فرۆشتنیان بە ماددەی هۆشبەروە کردووە، هەروەها 147 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە لەگەڵ 781 کیلۆگرام دەرمانی هۆشبەر و 2817 شیت حەبی هۆشبەریش.
هاوکات ئەمڕۆ هەینی (28ـی تەمموزی 2023)، ئەرکان بیبانی، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، وەک بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان زۆر بە جددی کار لەسەر ئەوە دەکەن و بەردەوام دەبن لە هەڵمەت پشکنینی کافێ و رێستورانتەکان و ئەو شوێنانەشی کە گومانی لێ دەکرێت ماددەی هۆشبەری لێبێت.
هاوکات راشیگەیاند، هەڵمەتەکانی پشکنین بۆ بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، بە ئامادەبوونی نوێنەری پارێزگای هەولێر، نوێنەری وەزارەتی تەندروستی و ئاسایشی گشتی ئەنجامدەدرێت.
ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵانی رابردوودا دەستگیرا بەسەر 580 کیلۆگرام لە توتنی نێرگەلە کە تێکەڵکرابوو بە مادەی هۆشبەر، ئەمساڵ تاکوو ئێستا لە هیچ شوێنێک رووینەداوە کە مادەی هۆشبەر تێکەڵ بکرێت بە توتنی نێرگەلە.
ئەو ئەفسەرەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، روونیکردەوە، لەکاتی ئەنجامدانی هەڵمەتی پشکنین بۆ کافێ و رێستورانتەکان، پشکنین دەکرێت بۆ تووتنی نێرگەلە و بۆ کارمەندانی ئەو شوێنەش، "هەروەها زۆر بە جددی هەوڵمانداوە تیشک بخەینە سەر ئەو کەسەی کە دەرمانی نێرگەلە ئامادە دەکات و پشکنینی تەواویان بۆ ئەنجامدەدرێت".
باسی لەوەشکرد: "رێژەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر زیادی کردووە، هەروەها حکومەت بە تووندی رووبەرووی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان دەبێتەوە".
ئەرکان بیبانی، گوتی: ئەگەر بێت و سەرنج بدەین لە چوارساڵی رابردوودا بەکارهێنان و کڕین و فرۆشتن بە مادەی هۆشبەر رێژەکە دوو هێندە زیادی کردووە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا زەنگێکی مەترسیدارە و ئەمساڵ هەزار و 212 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەستیگیرکراون، هەروەها ئەمساڵ 147 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە".
لەبارەی سزکانی ئەو کەسانەی کە ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن و بازرگانیشی پێوەدەکەن، ئەو ئەفسەرەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، رایگەیاند، هەرکەسێک بیەوێت بازرگانی بکات بە ماددە هۆشبەرەکان لەناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە پێێ ماددەی 26 سزا دەدرێت کە سزاکەی دەستپیدەکات بە زیندانی هەتا هەتایی، هەروەها پێبژاردنێک لە 15 ملیۆن دینار دەستپێدەکات تاکوو 90 ملیۆن دینار.
راشیگەیاند، ئەگەر کەسێکیش تەنیا بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بێت، ئەوا دەستگیر دەکرێت بە سزادانی زیندانی کردن لە ساڵێک تاکوو 3 ساڵ، هەروەها بە پێبژرادن تاکوو 15 ملیۆن دیناری عێراقی.
ئەرکان بیبانی، دەڵێت: هەرکەسێک بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بێت، کاتێک دەستگیر دەکرێت، شەش مانگ زیاتری پێویستە تاکوو لەشی پاکببێتەوە لە ماددەی هۆشبەر، ئەگەر کەسێکیش دەستگیربکرێت سزاکەی لە سەر و ساڵێک بێت لەو ساڵەدا بە تەواوی لەشی پاک دەبێتەوە، ئەگەر بێت خۆی مەبەستی نەبێت دەتوانێت واز لە مادەی هۆشبەر بهێنێت و بگەڕیتەوە ناو کۆمەڵگاو خێزان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسەی کە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بووە کە ئازاد دەکرێت، کاتێک هەست دەکات هێشتا کاریگەری لەسەری ماوە، پێویستە سەردانی پزیشکێکی پسپۆڕی ماددە هۆشبەرەکان بکات.