پوتن: هێزە رۆژئاواییەکان تەنیا کاتێك یاسای نێودەوڵەتییان بیردێتەوە کە بیانەوێت دژی کەسێک بەکاری بهێنن

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا | وێنە: AFP
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا | وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ژمارەیەک هێزی رۆژئاوایی لەمێژە ئامادەکاریی بۆ بەکارهێنانی ئۆکرانیا بۆ لاوازکردنی رووسیا دەکەن.

سەبارەت بە سزاکانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ سەر رووسیا، پوتن ئەوەی خستەڕوو، ئەوان تەنها کاتێک یاسای نێودەوڵەتییان بیردێتەوە کە بیانەوێت دژی کەسێک بەکاری بهێنن.

وەک پوتن ئاماژەی پێداوە، وڵاتانی رۆژئاوا هەموو شتێکیان کرد بۆ ئەوەی ئۆکرانیا بۆ لاوازکردنی ئاسایشی رووسیا بەکاربهێنن. گوتیشی: وادیارە رۆژئاواییەکان بیریان چووە چیان کرد لە عێراق کرد و چۆن وێرانیان کرد، ئەوان بەبێ بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان چیان بەسەر لیبیا هێنا، چۆن سوریایان داگیرکرد و دۆخی سوودانیان تێکدا.

سەرۆکی رووسیا دەڵێت: کێشەکان لە دوێنوە دروست نەبوون، بەڵکو ژمارەیەک هێزی رۆژئاوای ماوەیەکی درێژە ئامادەکاری بۆ جەنگ دژی رووسیا دەکەن.

لە 24ـی شوباتی 2022 سوپای رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتن لەشکرکێشی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپێدەکەن و لەوکاتەوە تا ئێستا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە.

لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، جگە لە برینداربوون و کوژرانی هەزاران سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی، ملیۆنان هاووڵاتی ئۆکرانی ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکانی دیکە بوون.

ڤۆڵۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا بەردەوام لە هەوڵی دابینکردن و بەدەستهێنانی هاوکاری سەربازییە بۆ سوپای وڵاتەکەی، کە تا ئێستا زۆرینەی هاوکارییە سەربازییەکان لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاواوە بووە.

Fly Erbil Advertisment