300 تۆن پەتاتەی هەولێر گەیشتە بازاڕەکانی ئیمارات

K24 – هەولێر:
لە درێژەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی لە بازارەکانی جیهان، 300 تۆن پەتاتەی هەولێر گەیشتە دوبەی و لەوێشەوە دەگەیەندرێتە بازاڕەکانی ئیمارات.
رۆژی شەممە (29ـی تەمموزی 2023)، باوەڕ سابیر خۆشناو، بازرگانێکی شاری هەولێرە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەشت کۆنتێنەر کە پێکهاتبوو لە 300 تۆن پەتاتە کە لەلایەن جووتیاران لە کێڵگەکانی پارێزگای هەولێر بەرهەمهێندراوە بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتی ئیمارات کردووە و لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتە ساغ دەکرێتەوە.
باوەڕ سابیر خۆشناو لەبارەی هەناردەکردنی پەتاتەی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، ئاستی بەرهەمهێنانی پەتاتە لە پێویستی ناوخۆیی زیاترە و پەتاتەی هەرێمی کوردستانیش جۆر و کوالێتی بەرزی هەیە و لەلایەن کۆمپانیاکانەوە لە بازاڕی عەلوەی گشتی دوبەی پێشوازی گەرمی لێکرا و داوایان لێکردوون بەردەوامن لە هەناردەکردنی ئەو جۆرە پەتاتەیە.
هاوکات ئەو بازرگانە کوردە ئاماژەی بەوەشکرد، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاسانکاری تەواویان بۆ کراوە بۆ ئەوەی بتوانن بە سەرکەوتوویی بۆ یەکەمینجار بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی بازاڕەکانی ئیمارات بکەن.
لەلایەن خۆیەوە، ئەحمەد ئەلفەقی، خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی دابینکردنی سەوزە و میوە لە دوبەی رایگەیاند، ئەوان پەتاتە لە وڵاتانی پاکستان، میسر و لوبنان هاوردە دەکەن و خۆشحاڵن وەک یەکەم ئەزموون، بەرهەمی پەتاتەی کوردستانیان بەدەستدەگات و گوتیشی، بەرهەمی پەتاتەی کوردستان لە جۆر و کوالێتیدا، لە ئاست بەرهەمی ئەو وڵاتانە و باشتریشە بۆیە پێشکەشی هەموو کڕیارەکانی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی ئەم جۆرە پەتاتەیە بەکاربهێنن.
وەک بەشێک لە پلانە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 200 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتە زیادیکردووە و ئەمساڵیش گەیشتووەتە نزیکەی 600 هەزار تۆن کە داهاتەکەشی بە 500 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، جووتیارانی هەرێمی کوردستان ساڵانە، 30 جۆر پەتاتە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت، لەو رێژەیەشدا، 10 جۆریان پیشەسازیین و بۆ بەرهەمهێنانی (فینگەر و چپس) بەکار دەهێندرێن.
هەروەها بە پاڵپشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئاستی بەرهەمێنانیان گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان. لەوانەش پەتاتە، گەنمەشامی، خەیار و چەندین بەرهەمی دیکەی سەوزە و میوە.
جگە لەمانە، یەکێک لە گەورەترین هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیاران ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانە لە بازاڕە جیهانییەکان، لە ساڵی رابردوو بە فەرمی دوو هەزار تۆن هەنار هەناردەی بازاڕەکانی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو کرا و بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووش جگە لە هەنار هەریەکە لە بەرهەمەکانی ترێ، هەنگوین، سێو بۆ بازاڕەکانی ئیمارات، سعوودیە، بەحرێن، بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا دەکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، برنجی کوردی و تەحینی کونجیی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لە بازاڕەکانی دەرەوە بەتایبەتی لەو وڵاتانەی رەوەندی کوردی بەشێوەیەکی فراران لێیدا دەژین، خواستی لەسەرە. هەروەها، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و زەیتی زەیتوون و ئاوتەماتە و چەندین بەرهەمی دیکە، بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕدەکەنەوە.