کودەتاچییەکانی نەیجیریا دەسەڵاتی وڵاتەکەیان گرتە دەست

K24 - واشنتن:
کودەتاچییەکانی وڵاتە نەیجیریا پاش ئەوەی موحەممەد بازوم سەرۆکی وڵاتەکەیان لەسەر کار لادا، ژەنەراڵ ئەبدوڕەهامانی تیان بە سەرۆکی نوێی وڵاتەکە ناساند.
هەرچەندە وڵاتانی ئەفریقا و وڵاتانی رۆژئاوا و رێکخراوە نێوچەیی و نێودەوڵەتییەکان پشتیوانی خۆیان بۆ سەرۆکی پێشوو دەربڕیوەتەوە و داوایان کردووە دووبارە دیموکراسی بۆ وڵاتەکە بگەڕێتەوە.
کودەتاکە دڵەراوەکێی لەهەمبەر ئاسایشی نەیجیریا و نێوچەکە پێکهێناوە، چونکە ئەو وڵاتە یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی رۆژئاوا بووە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە سەر بە ئەل-قاعیدە و رێکخراوی داعش بوون.
ژەنەراڵ تیانی کە لە لایەن کودەتاچییەکانەوە وەکو سەرۆکی نوێی نەیجەریا ناسێندراوە، پێشتر بەرپرسی پاسەوانە تایبەتەکانی سەرۆکایەتی نەیجەریا بووە.
هەندێک لە سەرکردەکانی جیهان دەڵێن، لە دوای کودەتاکە قسەیان لەگەڵ سەرۆکی کۆن کردووە کە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە کۆشکی سەرۆکایەتی دەستبەسەرن.
فەرەنسا تاکوو ئێستا بازوم وەکو سەرۆکی یاسایی نەیجیریا دەناسێ. هاوکات وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کێربی رایگەیاند، هێشتا بوار بۆ دیپلۆماسی لە نێوخۆی ئەفریقادا ماوە. کودەتای سەربازیی رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئەمەریکا هاروکارییەکانی ئاسایشی و پاڵپشتی دیکە لەگەڵ حکومەتی نێجیریا رابگرێت.
هەریەک لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا هێزییان لە نەیجەریا هەیە و ئەرکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتانە بریتین لە راهێنانی هێزەکانی نەیجەریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارییەکان.
نەیجیریا سنووری بە وڵاتانی مالی، بورکینا فاسۆ و چادەوە هەیە، کە ئەوانیش بە هەمان شێوە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کودەتای سەربازیی هاوچەشنیان تێدا ئەنجام دراوە.
ژەنەراڵ تیانی سەبارەت بە کودەتای رۆژی چوارشەممەی رابردوو رێکەوتی 26\/7/2023 گوتویەتی: ''کودەتاکە لەبەر شکستی حکومەت بووە لە کۆنتڕۆڵکردنی یاخیبووە ئیسلامییەکاندا.''
لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا ئەوە حەوتەمین جارە لە رۆژئاوا و نێوەڕاستی ئەفریقادا کودەتای سەربازی دێتە ئاراوە.
نەیجیریا حەوتەمین و گەورەترین وڵاتە لە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمدا، یۆرانیۆم ماددەیەکە کە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی و چەکی ئەتۆمی کەڵکی لێوەردەگیرێت.