دەستەی دەستپاکی تۆڕێکی ساختەکاریان دەستگیر کردووە کە ناسنامەی سەندیکایان دروست دەکرد

K24 - هەولێر
دەستەی دەستپاکی عێراق، گروپێکیان هەڵوەشاندەوە کە ناسنامەی ساختەی یەکێک لە سەندیکاکانیان دروست دەکرد بۆ ئەوەی پارچە زەوی پێ وەرگرن.
بەشی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەکە لە پارێزگای زی قاڕ رایگەیاند، تیمێکمان بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێناوە، سەبارەت بەو زانیارییانەی پێمان گەیشتبوو، کە ئاماژە بە بوونی تۆڕێک دەکات، کە نووسینگەیەکی ساختەکاری بەڕێوە دەبەن، کە ناسنامەی سەندیکای کرێکاران و نامەی پشتیوانی ئەندامێتییەکەیان بۆ دروست دەکەن،تا وەکو لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ناسریە و شارەوانییەکانی زی قار، زەوی نیشتەجێبوون بە شێوەیەکی نایاسایی وەربگرن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "تیمی نووسینگەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی سەندیکای کرێکارانی زی قاڕ، لێکۆڵینەوەیان ئەنجامداوە و توانیویانە دوو لە تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەن، هەروەها دەستیان بەسەر مۆر تۆمار و ئەو ناسنامانەش داگرت کە لەلایەن ئەونوسینگە ساختەکارە درووستکرابوو.
دەستەی دەستپاکی راشیگەیاند، "تۆمەتبارەکان رەوانەی بەردەم دادوەر کران بەمەبەستی دادگاییکردنیان، بەگوێرەی بڕگەکەنی بڕیاری 160ی ساڵی 1983.