کوێت هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ عێراق دەدات

سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی کوێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی کوێت

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوەی کوێت نامەیەکی دەستنووسی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی دەگەیەنێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و جەخت لەسەر پەتەوکردنی پەیوەندییەکان و بردنە پێشەوەی ئاستی هەماهەنگی نێوانیان دەکاتەوە لە بواری ئابووری و کەرتی تایبەت.

رۆژی یەکشەممە (30ـی تەمموزی 2023) نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی پێشوازی لە سالم عەبدوڵڵا جابر ئەلسوباح، وەزیری دەرەوەی کوێت کردووە و لە دیدارێکی تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کردووە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرۆکوەزیران عێراق و وەزیری دەرەوەی کوێت، جەخیان لەسەر پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانیان لە هەموو بوارەکان کردووەتەوە، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی و هاوبەشی لە بوارە ئابوورییەکان، بەتایبەتی لەسەر ئاستی کەرتی تایبەت.

لەلایەن خۆیەوە، محەممەد شیاع سوودانی ئاماژەی بە خواستی حکومەتەکەی کرد بۆ تێپەڕاندنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان عێراق و کوێت و ئامادەیی حکومەتی عێراقیشی دووپاتکردووەتەوە بۆ کاری هاوبەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.

هاوکات وەزیری دەرەوەی کوێت، نامەیەکی دەستنووسی شێخ ئەحمەد نەواف ئەحمەد ئەلسوباح، سەرۆکوەزیرانی کوێتی گەیاندووەتە سوودانی کە پەیوەندیدارە بە بەرەوپێشبردنی کاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات و خواستی کوێتیشی بۆ بەردەوامی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا دووپاتکردووەتەوە کە لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت.

هەر ئەمڕۆش، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و سالم عەبدوڵڵا جابر ئەلسوباح، وەزیری دەرەوەی کوێت، ئاماژەیان بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکەیاندا گفتوگۆیان لەبارەی کۆتاییهێنان بە دۆسیەی دەستنیشانکردنی سنووری ئاویی نێوان هەردوو وڵات، پرسی کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکانی نێوانیان و پرسی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەریان کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوەتنامەیەکی سەرۆککۆماری عێراقیان گەیاندووەتە جێنشینی کوێت بەمەبەستی بانگهێشتنکردنی نەواف ئەحمەد جابر ئەلسوباح، میری کوێت تاوەکو سەردانی عێراق بکات.

لە کۆتایی ساڵی 2021، بانکى ناوەندیى عێراق ئاشکرایکرد، 44 ملیۆن دینارى دیکە رادەستى کوەیت کراوە، کە کۆتا قۆناغى قەرەبووى ئەو وڵاتەیه‌ و دۆسیه‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كوه‌یت داخرا، بەو هەنگاوەش عێراق بەتەواوى ئەو بڕە پارەیەی دایەوە کوێت، کە نەتەوەیەکگرتووەکان، بەگوێرەی بڕیاری 687ی ساڵی 1991، بۆ قەرەبووکردنەوەی کوێت بڕیاری لەسەردابوو، بڕەکەشى 54 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بوو.

له‌ (2ی ئاب/ ئۆگه‌ستی 1990) رژێمی به‌عس كوه‌یتی داگیركرد و له‌ (6ی ئادار/ مارسی 1991) هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌ركردایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا كوه‌یت له‌ژێر ده‌ستی عێراق ئازاد كرا‌.

0
Fly Erbil Advertisment