شاندێکی وەزارەتی دارایی بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە دەچێتە بەغدا

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا.

ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی تەممووزی 2023، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق؛ شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، شاندەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دیوانی چاودێری دارایی، وەزارەتی دارایی عێراق و چەند لایەنێکی دیکە کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا وردبینی و پێداچوونەوە بە سەرجەم داهات و خەرجییەکانی سەرەتای ئەمساڵی  هەرێمی کوردستان دەکرێت.

لەبارەی ئەوەی "کەی شاندەکەی وەزارەتی دارایی سەردانی بەغدا دەکات"، سەرچاوەکەی کوردستان24 ئەوەی خستەڕوو، "دیار نییە کەی دەچین، چونکە چاوەڕێی وەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغداین، لەوانەیە ئەمڕۆ بچین، لەوانەشە لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانەکە بکرێت".

رۆژی پێنجشەممە 27ـی تەممووزی 2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزارەتی دارایی عێراق کۆبووەوە. ئەم کۆبوونەوەیە، دوای رێککەوتنی بەغدا و هەولێر هات لەبارەی جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا.

هەمان رۆژ ئومێد سەباح بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، كۆنووسێكی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق‌ لەبارەی ناردنی شایستە دارییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ كراوە و "بڕیارە ده‌ست به‌جێ تمویلی هه‌رێمی كوردستان بكرێت."

هەر سەبارەت بە رێککەوتنی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوتبوو: "رێککەوتنی هەرێم و بەغدا دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنێکی باشی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی بووە".

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختیکردەوە: "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زۆر خەمخۆرانە کاری کردووە، بۆ ئەوەی بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت. ئەوانەی پێش رێککەوتنەکان قسەی سەیر و سەمەرەیان کردووە، دوای رێککەوتنەکان بێدەنگ دەبن، چونکە کاری ئەوان قسەیە و ئێمەش کردار".

دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان هەردوو سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی؛ رۆژی چوارشەممە 26ـی تەممووزی 2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا کرد و گفتوگۆکانی لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق دەستپێکردەوە.