دوو بهرپرسی پێشووی عێراق لهلایهن ئهنتهرپوولهوه دهستگیركران

K24 – هەولێر:
دەستەی دەستپاکی عێراق رایدهگهیهنێت، دوو بەرپرسی باڵا کە تۆمەتبارن بەگەندەڵی و بۆ دەرەوە ھەڵاتبوون و لە شانشینی عومان لەلایەن ئهنتهرپوولهوه دەستگیرکراون، رادەستی عێراق کراونەتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا دەستەی دەستپاکی ئاماژە بەوە دهكات، ئەو دوو بەرپرسە کە رادەستی عێراق کراونەتەوە، یەکێکیان بەڕێوەبەری گشتیی پێشووە لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون، ئەوەی دیکەیشان بەڕێوەبەری گشتیی پێشووە لە فەرمانگەی کشتوکاڵ لە پارێزگای ئەنبار.
راشیگەیاندووە، بەرپرسەکان پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرابوو، دواتر لەسەر بنەمای فەرمانەکان لە مانگی شوباتی رابردوو لە شانشینی عومان لەلایەن ئهنتهرپوولهوه دەستگیرکران.
باسی لەوەش کردووە، ئەمڕۆ دووشەممە، تیمێکی سەربە فەرمانگەی گەڕاندنەوەکان بە یاوەری ھێزێکی ئەمنی سەربە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی عەرەبی و نێودەڵەتیی لە وەزارەتی ناوخۆ (ئهنتهرپوول) دوو تاوانبارەکەیان، رادەستی عێراق کردووەتەوە بۆ ئەوەی بدرێنە دادگا و سزای توند بدرێن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ھەردوو بەرپرسەکە، بەپێی ماددەکانی (316 و 340) لە یاسای سزادانی عێراق لەلایەن دادگای ناوەندیی بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و دادگای تاوانەکانی ئەنبار، بەگەندەڵی تۆمەتبار کراون.
بەپێی ماددەی (316)ی یاسای سزادانی عێراق، ھەر بەرپرسێک یان فەرمانبەرێكی کەرتی گشتیی ، ئەگەر پۆستەکەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربھێنێت و بە نایاسایی دەست بەسەر سامانی دەوڵەتدا بگرێت، ئەوا بە زیندانیکردن سزا دەدرێت کە ماوەکەی لە 10 ساڵ زیاتر نەبێت.
ھەروەھا بەپێی ماددەی (340)ی یاسای سزاکانی عێراق، ھەر بەرپرس و فەرمانبەرێك لە کەرتی گشتییدا خزمەت دەکات، ئەگەر بە ئەنقەست زیان بە سامان و بەرژەوەندیی ئەو شوێنەی کە تیایدا خزمەت دەکات بگەیەنێت، ئەوا بە زیندانیکردن سزادەدرێت کە ماوەکەی لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.