وه‌زیری كولتوور و گه‌شتوگوزاری توركیا: له‌ شه‌ش مانگی ئه‌مساڵدا پتر له‌ 22 ملیۆن گه‌شتیار سه‌ردانی توركیایان كردووه‌

K24 – هەولێر:

وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا رایگەیاند، داهاتی گەشتیاری لەسەدا 27 زیادیکردووە و گەیشتووەتە 21.7 ملیار دۆلار.

محەممەد نوری ئەرسۆی، وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا ئاماری داهات و سەردانیکەرانی شەش مانگی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، داهاتەکە لەسەدا 27 زیادیکردووە و گەیشتووەتە 27.1 ملیار دۆلار.

ده‌شڵێت: لە شەش مانگی ئەمساڵدا ژمارەی گەشتیاران لەسەدا 17.5 زیادیکردووە و 22 ملیۆن و 945 هەزار گەشتیار سەردانی تورکیایان کردووە.

وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا راشیگەیاند، تێچووی کەسیی گەشتیارێک لە 62 دۆلارەوە بۆ 100 دۆلار بەرزبووەتەوە.  

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی مانگی 1ی ئازاری ئەمساڵدا هەشت ملیۆن و 601 هەزار کەسی نیشتەجێی تورکیا گەشتی ناوخۆی  وڵاتەکەیان کردووە.

لە داتاکانی ئاماری تورکیا ئەوەشخراوەتەڕوو، گەشتیاران بە تێکڕا 7.4 شەو لەو شوێنانەدا ماونەتەوە کە سەردانیان کردووە.

روونکراوەتەوە، لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ، شەش ملیۆن و 643 هەزار کەس سەردانی کەسوکاریان کردووە، خەرجی ئەم گەشتانە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشوو بە رێژەی لەسەدا 97.9 زیادی کردووە و گەیشتووەتە 11 ملیار و 984 هەزار و 662 لیرە.

زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 ملیۆن لیرە بۆ گەشتی تەندروستی:

ژمارەی سەردانەکان لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵدا بەهۆی پێویستی تەندروستییەوە 596 هەزار سەردان بووە. لەو چوارچێوەیەدا یەک ملیار و 427 ملیۆن و 866 هەزار لیرە بۆ گەشت و سەیران خەرجکراوە.

بڕی خەرجی 117 هەزار گەشتی گەشتیارانی ناوخۆ بۆ پەیوەندییە بازرگانییەکان و پێشانگاکان بە 314 ملیۆن و 265 هەزار لیرە تۆمارکراوە. گەشتیارانی ناوخۆ لە 12 هەزار گەشتدا بە مەبەستی رۆشنبیری 19 ملیۆن و 679 هەزار لیرەیان خەرجکردووە..

لەلایەکی دیکەوە کاتێک بڕی ئەو خەرجیانەی گەشتیارانی ناوخۆ پێش گەشتەکە شیدەکەنەوە، خەرجییە کەسییەکانی وەک جلوبەرگ و دەرمان پێویستیە کەسیەکان لە سێ مانگی یەکەمدا بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 56.2% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 91 هەزار و 513 لیرە.

Fly Erbil Advertisment