لە ساڵیادی جینۆسایدی بارزانییەکان، لە هەشت هەزار رووفات تەنیا 696 رووفات گەڕێندراونەتەوە

K24 – هەولێر:

بەرێوەبەری گشتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، رایدەگەیەنێت، بەغدا ئامادە نییە مافی قوربانییانی جینۆساید بدات. پارێزەرێکی دۆسیەی جینۆسایدی بارزانییەکانیش ئاماژەی بەوەدا، بەپێی دەستوور دەبێت حکومەتی عێراق قەرەبووی قوربانیان بکاتەوە، هەروەها جینۆسایدکردنی بارزانییەکان بە چەند قۆناغێک بووە. هاوکات بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزانیش باس لەوە دەکات، حکومەتی عێراق هاوکار نییە لە گەڕانەوەی رووفاتەکان و لە هەشت هەزار رووفات تەنیا 696 رووفات گەڕێندراونەتەوە.

کەریم کاوە، بەرێوەبەری گشتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران و ئەیاد کاکەیی، پارێزەر لە دۆسیەی جینۆسایدی بارزانییەکان و رێبوار رەمەزان بارزانی، بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان، لە میانەی بەشداریکردنیان لە دیبەیتی کوردستان24 لەبارەی یادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، ئاماژە بەوە دەکەن، تاکوو ئێستا حکومەتی عێراق قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوانی نەکردووەتەوە، دەشڵێن: دەبێت فشار بخەینە سەر عێراق لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسووکاری ئەنفالکراوان.

کەریم کاوە، بەرێوەبەری گشتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، رایگەیاند، لە بەرنامەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حوکومەتی هەرێمی کوردستان هەندێک ماف و شایستەی دارایی هەیە و بەردەوامە، بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان، بەڵام ئەوەی کە هەیە بەپێی ئەو شایستەییە ئەوان نییە، بەهۆی ئەوەی حکومەت ئەوەندەی لە دەسەڵاتی دایە تەنیا بەو شێوەیە دەتوانێت قەرەبوویان بکاتەوە.

هەروەها راشیگەیاند، بەغدا ئامادە نییە مافی قوربانییانی جینۆساید بدات و ئەو بودجەیەش کە لەبەغدا پەسەندکراوە هیچی دابین نەکراوە بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، دەشڵێت: هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق بێنینە سەر هێل کە ئەمە بەرپرسیارەتی ئەوانە، کە قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بکەنەوە.

ئاماژەی بەوەدا، بۆ داکۆکیکردن لە کەیسی جینۆسایدی گەلی کورد بەشداربووین  کۆنفرانسی جینۆساید لە بەرشلۆنە، هەروەها لە ئاستی نێودەوڵەتی کار بۆ ناساندنی جینۆساید گەلی کورد دەکەین.

لەلایەکی دیکە، ئەیاد کاکەیی، پارێزەر لە دۆسیەی جینۆسایدی بارزانییەکان، ئاشکرایکرد، بەپێی دەستوور دەبێت حکومەتی عێراق قەرەبووی قوربانییانی جینۆساید بکاتەوە، هەروەها تاکوو ئێستا عێراق قەرەبووی کەس و کاری قوربانییانی نەکردووەتەوە.

هەروەها راشیگەیاند، جینۆسایدکردنی بارزانییەکان بە چەند قۆناغێک بووە، هاوکات دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بڕیاری لەسەر جینۆسایدی کورد دەرکردووە، بەڵام هیچ گۆڕانکاریەک نەکراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان.

ئاماژەی بەوشدا، دەبێت فشار بخەینە سەر عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسووکاری ئەنفالکراوان.

پارێزەری دۆسیەی جینۆسایدی بارزانییەکان، گوتی: 423 کەس لە ئەنفالکردنی گەلی کوردستان بەرپرسن کە تۆمەتباری هەڵاتوون.

لەلایەن خۆیەوە، رێبوار رەمەزان بارزانی، بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان، ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی عێراق هیچ کاتێک بۆ ئێمە نەبووەتە باوک و هەرگیزیش نابیتە باوک.

باسی لەوەشکرد، "هیچ ئەندام پەرلەمانێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پشکی کوردم نەدی کە لەسەر ئەم پرسە لە پەرلەمان کار بکات و هەوڵی ئەوە بدات ئەو قەرەبووکردنەوەیە بە زووترین کات بکرێت".

بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان ، دەشڵێت: لە هەشت هەزار رووفات بارزانی، تەنیا رووفاتی 696 کەس گەڕاوەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، هێشتا ئەو ئەقڵیەتە لە عێراق ماوە کە کورد دەبێت ببێتە قوربانی.

هاوکات گوتیشی: حکومەتی عێراق هاوکار نییە لە گەڕانەوەی رووفاتەکان.

رژێمی بەعس چل ساڵ لەمەوبەر و له‌ ساڵی 1983، لە هەڵمەتێكدا هەشت هەزار بارزانی به‌ پیر و گه‌نجه‌وه‌ لە تەمەنی نۆ ساڵی هەتا نەوەد ساڵی، دەستبەسەر كرد و لە بیابانەكانی باشووری عێراق كۆمەڵكوژی كردن.

ئەمڕۆ دووشەممە (31ـی تەمموزی 2023)عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حموود، وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، ئه‌نجامدانی ڕێوڕه‌سمی دانانی تازه‌گوڵینه‌ له‌سه‌ر گڵكۆی ئه‌نفالكراوانان ساڵانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ گرنگ و جێی بایه‌خه‌، هاوكات جه‌ختیكرده‌وه‌ وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان به‌رنامه‌ و ئه‌جێندای بۆ پرس و دۆسیه‌ی ئه‌نفالكراوان هه‌یه‌ و به‌ گوێره‌ی ئه‌و ئه‌جێندایه‌ كار ده‌كات.

هه‌روه‌ها وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌ی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ دۆسیه‌ی ئه‌نفالكراوانی كورد له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی عێراق و ده‌ره‌وه‌ به‌ فه‌رمی بناسێندرێت و رێككاری یاسایی وه‌ربگرێت، گوتیشی، تا ئێستا عێراق وه‌كو ده‌وڵه‌ت داوای لێبووردنی له‌ گه‌لی كورد نه‌كردووه‌، هه‌روه‌ها حكومه‌تی عێراق بڕیاری دادگا و په‌رله‌مانی عێراقی له‌و باره‌یه‌وه‌ جێبه‌جێ نه‌كردووه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان.

Fly Erbil Advertisment