لە دەستی داعش رایكرد كەوتەبەر بۆمبی چێنراو

K24 – ھەولێر
منداڵێك لەگەڵ باوكی لە گوندی عۆسجەی باشووری مووسڵ دەیانەوێت رابكەن و خۆیان بگەیەنە ژێر دەسەڵاتی ھێزی پێشمەرگە، بەڵام بەھۆی تۆپبارانی داعش باوكی كچكەكەی جێدەھێڵێ و كچەكە بەر بۆمبێكی چێنراو دەكەوێت و گیان لە دەستدەدات.
ئەحمەد ئەنوەر بەرپرسی راگەیاندنی میحوەری مەخموور، دوای ئەوەی گوندی عۆسجە لە دەستی داعش رزگاركرا، ئێستا چەكدارانی داعش ئەو گوندە تۆپباران دەكەن، باوكێك لەگەڵ كچێكی 10 ساڵانی بە ھیوایەی گەیشتنیان بە ژێر دەسەڵاتی ھێزی پێشمەرگە وەك پەناگەیەكی ئارام، ناوچەكە جێدەھێڵن، بەڵام لەوكاتەدا داعش بە چڕی تۆپبارانی گوندی عۆسجە و دەوروبەری دەكات، لەوساتەدا باوكی كچەكەی جێدەھێڵێ و كچەكەشی دەكەوێتەبەر بۆمبێكی چێنراوی داعش و گیان لە دەستدەدات.
رۆژانە خەڵكی دانیشتووی ژێر دەسەڵاتی داعش و ھێزە عێراقییەكان ھەوڵدەدەن لە پێناو پاراستنی گیانیان خۆیان بگەیەنە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە و لە لایەن ھێزی پێشمەرگە پێشوازیان لێ دەكرێت.