لە کازاخستان یادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان کرایەوە

K24 – هەولێر
بە ئامادەبوونی سەرۆکی کوردانی کازاخستان و قایمقامی مێرگەسۆر و سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی کوردانی سۆڤیەت، لە کازاخستان یادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان کرایەوە.
بەبۆنەی یادی 40 ساڵەی ئەنفالکردنی بارزانییەکان، بۆ خستنەڕووی ئەو تاوانە کە لەلایەن رژێمی بەعس دژی گەلی کورد ئەنجامدرا، بە ئامادەبوونی سەرۆکی كوردانی کازاخستان و غەفوور ئەحمەد قایمقامی مێرگەسۆر، شێخ رەمەزان سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی کوردانی سۆڤیەت، هەروەها ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و رۆشنبیری لە شاری ئەڵماتی کازاخستان یادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان کرایەوە.
لەو رێوڕەسمەدا کە بۆ یادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان رێکخرابوو، هەریەک لە سەرۆکی کوردانی کازاخستان و سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی کوردانی سۆڤیەت لە دوو وتاری جیادا ئاماژەیان بەو تاوانەدا کە بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامدراوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا فیلمی "دایکانی من" نمایشکرا و هەڵبەسڤان کنیازێ مەجید بە چەند هۆزانێک بەشداری کرد.

