کاردیناڵ لویس ساکۆ داوای دەرکردنی مەرسومێکی نوێی سەرۆکایەتی لە سەرۆککۆماری عێراق دەکات

كاردینال مار لویس ساكۆ، سه‌رۆكی كڵێسای كلدانی له‌ عێراق و جیهان
كاردینال مار لویس ساكۆ، سه‌رۆكی كڵێسای كلدانی له‌ عێراق و جیهان

K24 - هەولێر

کاردیناڵ لویس ساکۆ داوا لە سەرۆککۆماری عێراق دەکات مەرسومێکی نوێی سەرۆکایەتی دەربکات و وەکو سەرۆکی باڵای کەنیسەی کلدان و کاردیناڵی کەنیسەی کاسۆلیکی و بەرپرسی هەموو ئەوقافەکان بیناسێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی ئابی 2023، کاردیناڵ لویس ساک، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان، لە پەیامێکدا کە بۆ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق ناردوویەتی، داوا دەکات سەرۆککۆمار مەرسومێکی نوێی سەرۆکایەتی دەربکات و تێیدا وەکو سەرۆکی باڵای کەنیسەی کلدان و کاردیناڵی کەنیسەی کاسۆلیکی و بەرپرسی هەموو ئەوقافەکان بیناسێت.

پاتریارک لویس ساکۆ لە پەیامەکەیدا کە بۆ سەرۆککۆماری عێراق ناردوویەتی، ئاماژەی بەوە داوە، "ئاگادارکرامەوەتەوە خەریکی دەرکردنی ناسنامەن بۆ سەرۆکی کڵێساکان. ئێمە فەرمانبەری دەوڵەت نین، سەرۆکی کڵێسا کۆنەکانین، بەتایبەت من کە نوێنەرایەتی سەدا 80ـی کریستییانەکانی عێراقی دەکەم."

پاتریارک لویس ساکۆ هەر لە نامەکەیدا جەختی لەوەش کردووەتەوە، تەنها دان بەو مەرسومەی سەرۆکایەتیدا دەنێت، کە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق ئەو وەکو سەرۆکی باڵای کەنیسەی کلدان و کاردیناڵی کەنیسەی کاسۆلیکی و بەرپرسی هەموو ئەوقافەکان بیناسێت.

پەیامەکەی لویس ساکۆ بۆ سەرۆککۆماری عێراق
پەیامەکەی لویس ساکۆ بۆ سەرۆککۆماری عێراق

 

رۆژی هەینی 21ـی تەممووزی 2023، کاردیناڵ لویس ساک، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان، گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی حکومی، سیاسیی و ئایینی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، بەناوی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەخێرهاتنی کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان دەکات، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی ئایینیی و سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانە.

راشیگەیاند، "هەر لە کۆنەوە ئەم مێژووەی پێکەوە ژیانە بۆ ئێمە ماوەتەوە، لە هەمان کاتیشدا ئەم پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە نموونەیەکی بەرز و دیارە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات هەوڵی جددی دراوە بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی ئەم پێکەوەژیانە".

دواتر رۆژی شەممە 22ـی تەممووزی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تویتێکدا رایگەیاند: بەخێرهاتنێکی گەرمی بەڕێز قەداسەتی پاتریارک لویس ساکۆ دەکەین بۆ هەولێر، پایتەختی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو ئایین و ئایینزا و نەتەوەکان. کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی کریستیانەکان. بە تووندی سەرکۆنەی ئەو مامەڵە نەشیاوەی بەرامبەر بە بەڕێزیان کراوە دەکەین.

Fly Erbil Advertisment