وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار زیاتر له‌ ملیارێك دینار بۆ جێیه‌جێكردنی پڕۆژه‌ له‌ سلێمانی ته‌رخان ده‌كات

شاری سلێمانی
شاری سلێمانی

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌زامه‌ندی دا به‌ خه‌رجكردنی گوژمه‌ی نزیكه‌ی ملیارێك و 350 ملیۆن دینار به‌مه‌به‌ستی جێیه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ پارێزگای سلێمانی.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 1ـی ئابی 2023) وه‌زاره‌تی شاره‌وانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ره‌زامه‌ندی نیشانداوه‌ به‌ خه‌رجكردنی بڕی یه‌ك ملیار و 348 ملیۆن 977 هەزار دینار به‌مه‌به‌ستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمه‌تگوزاری رێگاوبان لە پارێزگای سلێمانی.

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ئەو گوژمەیە له‌سه‌ر رێژەی 100%ـی داهاتی فرۆشتنی زەوی روكنی شارەوانی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانییە، هه‌روه‌ها لە چوارچێوه‌ی پلانی ساڵی 2023 رەزامەندی له‌سه‌ر خەرجكردنی درا بەمەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی رێكخستنەوەی یەكتربڕی ئەبو سینا و بە دووسایدكردنی پردی ئەبو سینا لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیدا، گرنگی به‌ سه‌رجه‌م پارێزگا و ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌دات و به‌پێی پێویستییه‌كان خزمه‌تگوزارییه‌كانیان بۆ دابین ده‌كات. پەرەپێدانی پرد و یەكتربڕ و شەقامەكانی شاری سلێمانیش یه‌كێكه‌ له‌و پڕۆژه‌ و خزمه‌تگوزارییانه‌ی حكوومه‌ت بۆ ئه‌و پارێزگایه‌ و سنووره‌كانی ده‌وروبه‌ری دابینی ده‌كات.

رۆژی دووشەممە (24ـی تەمموزی 2023) حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییان و بە رەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی و فەراھەمکردنی ژینگەیەكی پاک و تەندروست و پاکراگرتنی سیمای تەواوی ناوچەكان، بە فەرمانی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، رەزامەندیدرا بە تەرخانکردنی ملیارێك و 468 ملیۆن و 641 هەزار و 207 دینار، بەمەبەستی خاوێنکردنەوە، کۆکردنەوە، گواستنەوە و داپۆشینی خاشاکی شەش زۆنی سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی.

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم گوژمەیە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت و لەسەر بودجەی ئاسایی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی خەرج دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment