فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران: هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا كۆتاییهات

K24 – هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران رایده‌گه‌یه‌نێت، وه‌ك تاكه هێزی جیهانی، هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا كۆتاییهات و هاوپه‌یمانانی خه‌ریكن روو له رووسیا، چین و ئێران ده‌كه‌ن.
حوسێن سه‌لامی فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای پاسداران له میانه‌ی پێشكه‌شكردنی گوتارێك ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 1ـی ئابی 2023) گوتی: "نمایشه‌كانی دوژمن بوون به رابردوو، ئه‌مه‌ریكا وه‌ك جاران به‌هێز نه‌ماوه، ناتوانێت ئامانجه‌كانی بپێكێت، بۆیه هاوپه‌یمانه‌كانی خه‌ریكن به‌ره‌و رووسیا، چین و ئێران بایده‌ده‌نه‌وه.
روونیشیكرده‌وه، سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له سووریا به‌ره‌و داخران ده‌چێت، له‌عێراقیش هه‌ره‌سی هێناوه، له ناوچه‌ی كه‌نداویش له رێگه‌ی كه‌شتییه جه‌نگییه‌كان و فڕۆكه‌هه‌ڵگره‌كان نمایشیان ده‌كرد، له ئێستادا ئه‌وه‌یان نه‌ماوه، ئه‌مه‌ش به‌تاڵی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌كانیان ده‌گه‌یه‌نێت.
سه‌لامی گوتی: هه‌ست ده‌كرێت ئیسرائیلیش وه‌ك جاران هێزی نه‌ماوه، بانگه‌شه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ وڵاتان، له بهینچوو".
جه‌ختیشیكرده‌وه، یه‌مه‌ن، لوبنان، سووریا و عێراق پشتیان به ئێران به‌ستووه و سه‌ركه‌وتوو بوون.