تاڵیبان: پەرەپێدانی میوزیک دەبێتە هۆی گەندەڵی ئەخلاقی
K24 - هەولێر:
ژمارەیەک لە ئامێرەکانی میوزیک و گوێگرتن لە میوزیک لە ئەفغانستان سووتێندران، ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکومەتی تاڵیبان میوزیک بە شتێکی نائەخلاقی ناودەبات.
نزیکەی دوو ساڵ دەبێت حکومەتی تاڵیبان فەرمانڕەوای ئەفغانستانە و لەو کاتەوە تا ئێستا بە پاساوی پەیڕەوکردنی شەریعەتی ئیسلام، چەندین یاسا و رێنمایی نوێی دەرکردووە، لەنێویاندا قەدەغەی کاکردنی ژنان و چوونی کچان بۆ قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن.
کاربەدەستدانی تاڵیبان لە نوێترین کاریاندا لە هەرێمی هەرات لە باکووری رۆژئاوای ئەفغانستان، دەستیان بەسەر ژمارەیەک ئامێری میوزیکدا گرت و دواتر سووتاندیان.
لەنێو ئامێرەکاندا کە سووتێنران، گیتار و ئامێرە ژێدەرەکانی دیکە و تەپڵ و ئامێری گوێگرتن لە میوزیک هەبوون.
لەوبارەیەوە، ئوزەیر رەحمان مهاجر، بەرپرسێکی وەزارەتی تاڵیبان بۆ نەهیکردن لە خراپە و فەرمانکردن بە چاکە لە هەرێمی هەرات رایگەیاند، "پەرەپێدانی میوزیک دەبێتە هۆی گەندەڵی ئەخلاقی و ژەنینی دەبێتە هۆی گومڕاکردنی گەنجان".
سەرەتای مانگی رابردووش، حکومەتی تاڵیبان ئارایشتگاکانی جوانکاری ئافرەتانی لە ئەفغانستان قەدەغە کرد.