ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانى هەولێر بۆ دەنگدەران: سەردانی بنکەکانی تۆمارکردن بکەن

دەنگدان
دەنگدان

K24 - هەولێر

ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانى هەولێر بانگهێشتی دەنگـدەرانی دەکات بۆ سەردانيكردنى بنكەكانى تۆمارکردن له نزیک شوێنی نیشتەجێبوونیان، بۆ ناو تۆمارکردن و نوێکردنەوەی داتای بایۆمەتری خۆیان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2ـی ئابی 2023، ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانى هەولێری سەر بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا  بانگهێشتی دەنگـدەرانی کرد، سەردانی بنكەكانى تۆمارکردن له نزیک شوێنی نیشتەجێبوونیان بکەن، بۆ ناو تۆمارکردن و نوێکردنەوەی داتای بایۆمەتری خۆیان.

وەکو ئەەوی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانى هەولێر تا رۆژی 11ـی ئەم مانگە و لە کاتژمێر 08:00 بەیانی تا 03:00ـی دوانیوەڕۆ، بۆ ئەو مەبەستە پێشوازی لە دەنگدەران دەکات.

 ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانى هەولێر ئەوەشی خستووەتەڕوو، بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی بایۆمەتری یان وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدانی نوێ، پێویستە دەنگدەران ئەم بەڵگەنامانەیان پێ بێت:

1- نفوس یان کارتی نیشتیمانی.

2- رەگەزنامەی عێراقی.

3- کارتی زانیاری.

4- پسولەی خۆراک ( بطاقة تموینیة ).

5- کارتی دەنگدانی کۆن ئەگەر هەبوو.

6- پسوولەی لێوەرگرتنەوەی کارتی کۆن (وصل سحب بطاقة) ئەگەر هەبوو.

 

بڕیارە لەرۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگەلە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگای تۆمارکردنی بۆ پارت و هاوپەیمانیەتییەکان کردووەتەوە.

هاوکات کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رۆژی یەکشەممە (9ـی تەمموزی 2023) تاکو رۆژی دووشەممەی مانگی داهاتوو (7ـی ئابی 2023)، بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدانی کردووەتەوە بە مەبەستی نوێکردنەوەی داتای بایۆمەتری.

لەو هەڵبژاردنەدا،  23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

Fly Erbil Advertisment