ئیخلاس دلێمی: لە ماوەی هەفتەیەک تا 10 رۆژی داهاتوو بڕە پارەکەی دیکەش بۆ هەرێم رەوانە دەکرێت

ئیخلاس دلێمی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق
ئیخلاس دلێمی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق

K24 - هەولێر:

جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق، رایدەگەیەنێت، بەهۆکاری وردبینکردنی داتاکانی هەرێم برێ 598 ملیار بۆ هەرێم رەوانە کراوە، گوتی: لە ماوەی هەفتەیەک تا 10 رۆژی داهاتوو بڕە پارەکەی دیکەش بۆ هەرێم رەوانە دەکرێت، ئیخلاس دلێمی، دەشڵێت: ئەو لێداوانەی من کە گوایە گوتوومە شاندی حکومەتی هەرێم خەتابارە، وەرگێڕانی هەڵەی بۆ کراوە و من هیچ قسەیەکی لەو شێوەیەم نەکردووە.

ئیخلاس دلێمی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق، بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی  هەموو هەوڵیکی داوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی عێراق دەستەبەر  بکات.

هاوکات راشیگەیاند،" لە وەڵامی ئەوەی بۆچی تەنیا ئەو بڕە پارەیە نێردراوە و زیاتر نەبووە گوتوومە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێڕاق وردبینی هەیە بۆیە 598 ملیار دینار نێردراوە و دوای وردبینی لە ماوەی هەفتەیەک تا 10 رۆژی داهاتوو بڕە پارەکەی دیکەش دەنێردرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، "گوتەکانی من بە هەڵە وەرگێردراونەتە سەر زمانی کوردی و لێکدانەوەی هەڵەی بۆ کراوە و ئەو کەسەی قسەکانی منی وەرگێراوە زمانی عەرەبی بە باشی نەزانیوە، چونکە حکومەتی هەرێم و شاندی حکومەت و وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەوڵی بەردەوامدابوون بۆ دەستەبەرکردنی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها وەزیری دارایی حکومەتی عێراق دەیەوێت وردبینی بۆ هەندێک داتای داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بکات، ئەم پاساوەی هێناوەتەوە، بۆیە دانوستانەکان لەوبارەیەوە تا ئێستا یەکلای نەکراوەتەوە، دەشزانین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ماوەی دوو مانگ دوو اکەوتووە".

جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق، گوتیشی: من ئاگاداری شەونخونییەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کورستان و سەرۆک وەزیرانی عێراقم بۆیە قسەی وا ناکەم

ئیخلاس دلێمی، باسی لەوەشکرد، هەفتەی داهاتوو ڕێنماییەکانی بودجە تەواو دەکرێن و پشکی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.

ئیخلاس دلێمی، ئەوەشی خستەڕوو، کۆبوونەوەیەکش چاوەڕوانکراوە لە نێوان حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ دڵنیابوونەوە لە تەواوی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، رێکەوتی 2ی ئابی 2023، حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بڕی 598 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە کرد، ئەمەش دوای هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن و دانوستان لەسەر یاسای بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ مەولود سابیر بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان بە کوردستان24ی راگەیاند: "رێکارەکانی ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکردووە و چاوەڕێ دەکرێت 906 ملیار دینار بچێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

گوتیشی: "حکومەتی عێراق بڕیاری داوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی بخاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی، رێکارەکانیش کاتی زۆری ناوێت، چونکە ئەلیکترۆنییە و ئەمڕۆ جیىەجێ دەکرێت".

دەشڵێت: "هەر کاتێک پارەکە بگات، دەتوانین لە ماوەی چوار رۆژدا مووچە تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکەین".

Fly Erbil Advertisment