هەردوو وڵاتی سوید و دانیمارک هەوڵی رێگریکردن لە سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەدەن

K24 - واشنتن:
حکومەتەکانی سوید و دانیمارک رایانگەیاند، لە پێناو کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ چەند وڵاتێکی موسڵماندا هەوڵدەدەن بەشێوەیەکی یاسایی رێگری لە سوتاندنی قورئانی پیرۆز بکەن.
وڵاتی دانیمارک ئاشکرای کردووە، بە شوێن دۆزینەوەی رێگایەکی یاساییدا دەگەرێن تاکوو رێگاخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی بەرپرسانی پەیوەندیدار بتوانن لەبەردەم باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی دیکەدا لە دانیمارک، رێگری لە سووتاندنی قورئان بکەن.
لارس لۆکێ راسموسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی وڵاتەکە ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە ئەوان لە هەوڵی ئەوەدان لە رێگای رێگریکردن لە سوتاندنی قورئان گرژییەکان کەم بکەنەوە.
وەزیری دەرەوەی دانیمارک باسی لەوەش کردووە، ئەوان ئەو هەنگاوانە بەهۆکاری ئەوەی لە ژێر گوشاردان ناگرنەبەر، بەڵکوو لێکدانەوەکان و بەرژەوەندی وڵات وادەخوازێ کە بەر لە تەقینەوەی دۆخەکە کارێک ئەنجام بدەن.
سەرەرای هەوڵەکانی هەر دوو وڵات، تاکوو ئێستا سوتاندنی قورئان لەو دوو وڵاتە بەردەوامە.
لەگەڵ ئەوەی سوید و دانیمارک سووتاندنی قورئانییان سەرکۆنە کردووە، بەڵام بەپێی یاساکانی پاراستنی ئازادی رادەربڕین لەو وڵاتانە ناتوانن رێگری لێبکەن.
لەلایەکی دیکەوە، لایەنە راستڕەوەکانی هەردوو وڵات هەوڵەکانی کاربەدەستانیان سەرکۆنە کردووە و پێیان وایە ناکرێ لەسەر ئازادی رادەربڕین سازش بکرێ.
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان "حاجییان"، پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بەناوى (سەلوان مۆمیکا) لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی ئەو وڵاتە، "قورئانی پیرۆز"ی سووتاند. ئهو رهفتاره لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سویدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.
هەڵوێستەکەی ئەو پەنابەرە عێراقییە، لە عێراق و وڵاتانی دیکە کاردانەوەی توندی بەدواداهات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوید بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینییەوە، بەڵام لە عێراق توندترین هەڵوێست روویدا و خۆپیشاندەران چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا و دواتریش لەگەڵ دووبارەبوونەوەی رووداوێکی هاوشێوە لە ستۆکهۆڵم، حکومەتی عێراق داوای لە باڵیۆزی سوید کرد عێراق بەجێبهێڵێت و باڵیۆزی عێراقیشی لە ستۆکهۆڵم گەڕاندەوە.
دوای رووداوی هاوشێوە لە دانیمارک لە رۆژی (24ـی تەمموزی 2023) بوو، کاتێک چەند کەسێک لە بەردەم باڵەخانەی باڵیۆزخانەی عێراق لە دانیمارک، هەستان بە سووتاندنی کۆپییەک لە قورئانی 'پیرۆز' و بێڕێزیکردن بە ئاڵای عێراق، کە ئەمە جاری دووەمە لەو وڵاتە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ئەم کارە دووبارە دەکرێتەوە.