پێشه‌وا هه‌ورامانی: عێراق به‌رده‌وام له بیانوو ده‌گه‌ڕێت و هه‌رێمی كوردستان به ئامانج ده‌گرێت

K24 - هەولێر:
گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین جار پابه‌ندبوونی خۆی به‌رامبه‌ر به عێراق دووپاتكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی عێراق به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی ده‌دات پێچه‌وانه‌ی رێككه‌وتنه‌كانه و به‌رده‌وام له بیانوو ده‌گه‌ڕێت و هه‌رێمی كوردستان به ئامانج ده‌گرێت.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 2ـی ئابی 2023) پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه كرا، نه‌ك شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت مووچه‌ی ته‌واوه‌تی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانیش نه‌بوو، جه‌ختیشیكرده‌وه هیچ هۆكارێك نییه بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین جار پابه‌ندبوونی خۆی به‌رامبه‌ر به حكومه‌تی عێراق دووپاتكردووه‌ته‌وه.
گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی، ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات، په‌یوه‌ندی به هیچ هۆكارێكی ته‌كنیكی و هیچ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی هه‌رێمی كوردستانه‌وه نییه، به‌ڵكوو سته‌مێكه به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت. روونیشیكرده‌وه به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی گه‌یشتوون، ناردنی ئه‌و 598 ملیار دیناره‌ی وه‌كوو مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران هاتووه، له به‌غدا گوتوویانه ئه‌وه‌نده مافی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانه.
هه‌روه‌ها باسی له‌وه كرد، ئه‌و گه‌شبینییه‌ی له ماوه‌ی رابردوودا له ئارادا بوو به‌تایبه‌ت كه هه‌رێمی كوردستان هه‌موو پابه‌ندییه‌كی یاسایی به‌رامبه‌ر به حكومه‌تی عێراق جێبه‌جێ كرد، ئه‌نجامه‌كه‌ی وه‌ك پێویست نه‌گه‌ڕایه‌وه، گوتیشی ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام هه‌بێت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێده‌نگ نابێت و هه‌ڵوێستی دیكه‌ی ده‌بێت. سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا كه ئه‌و هه‌ڵوێسته نوێیه‌ی حكومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان ئه‌رێنی نییه.
راشیگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له رۆژانی داهاتوو چاوه‌ڕوانی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی حكومه‌تی عێراق ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ی خۆی هه‌بێت به‌تایبه‌ت كه حكومه‌تی عێراق ده‌بێت پابه‌ندی یاسای بوودجه بێت كه له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگی پێ دراوه. دووپاتیشیكرده‌وه عێراق له بیانوو ده‌گه‌ڕێت به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان، رۆژانه‌ش بیانوویه‌كانی ده‌گۆڕێت.
هه‌روه‌ها پێشه‌وا هه‌ورامانی گوتی، هه‌رێمی كوردستان پێشتر 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده ده‌كرد، له ئێستادا بۆ ماوه‌ی چوار مانگه هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌كه‌ی سڕ كراوه، بۆ له‌مه‌ودواش ورده ورده پرسی وزه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته ئامانج به‌شێوه‌یه‌ك تا به‌وه ده‌گات كۆمپانیاكان له هه‌رێمی كوردستان بكشێنه‌وه و كۆتایی به كه‌رتی وزه‌ی هه‌رێمی كوردستان بهێنن.
گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه ئه‌و دۆخه‌ی هاتووه‌ته پێش، دۆخێكی هه‌ستیاره و پێویست ده‌كات هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌كان و میدیاكانیش گوێ له داواكارییه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بگرن بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه رووبه‌ڕووی ئه‌و دۆخه نوێیه نه‌خوازراوه ببنه‌وه، كه ئایدۆلۆژیایه‌ك ئه‌و دۆخه ئاراسته ده‌كات و هه‌رگیز بڕوای به كوردستان و قه‌واره ده‌ستوورییه‌كه و مافه‌كانی نییه.