هەڕەشەی ئەمنی لەسەر کارمەندانی باڵەخانهی کۆنگرێسی ئهمهریكا ههیه

K24 – هەولێر:
پۆلیسی ئەمهریکا رایدەگەیێنێت، هەڕەشەی ئەمنی لەسەر کارمەندانی نێو باڵەخانهی کۆنگرێسی ئەو وڵاتەدا هەیە.
پۆلیسی واشنتن لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، گومانی بوونی کەسێکی تەقەکەر لە نزیک باڵەخانەی کۆنگرێس دەکرێت و داوا لە کارمەندانی ناو باڵەخانەکە دەکات، لە ژوورەوە بمێننەوە و لە شوێنێک خۆیان پەنا بدەن.
هەر چەندە پۆلیسی واشنتن جەختی دەکاتەوە، هیچ حاڵەتێکی تەقەکردن پشتڕاست نەکراوەتەوە بەڵام میدیاکانی ئەمهریکا دەڵێن دەنگی تەقە لەناو کۆنگرێس بیستراوە و باڵەخەکە چۆڵکراوە.
کۆنگرێس لە پشووی هاوینەدابووە و زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرێس لە نێو باڵەخانەکە نەبوونە.
هاووڵاتییهكهی ئهمهریكی بهناوی جێم کەننیم به ئاژانسی AP رایگهیاند، "دەوروبەری کاتژمێر دوو و 30 خولەک چووینە نێو باڵەخانەی کۆنگرێس. کاتێک چووینە نێو هۆڵەکە، گوێمان لە دەنگە دەنگێکی زۆر بەرزبوو. نزیکەی 20 پۆلیسی کاپیتۆل لە نێو هۆڵەکە رایان دەکرد و چەکەکانیان بەدەستەوە بوو، بە ئێمەیان دەگوت بڕۆنە نێو ژوورەکانەوە و رێگاکە چۆڵ بکەن. هەوڵماندا بچینە ژوورەکانەوە، دەرگای یەک دوو دەرگا داخرابوون، بەڵام خۆشبەختانە یەکێکیان کراوەبوو و چووینە ژوورەوە و دەرگاکەمان لە دوای خۆمان داخست. پێیان گوتین لەوێ بمێنینەوە تا ئەو کاتەی رێنمایی تازەیان بەدەست دەگات. نزیکەی 20 بۆ 25 خولەک دواتر، پۆلیسێک بە چەکەوە هات و گوتی ئێستا دەتوانن بڕۆن. بەڵام دەبێت یەک یەکە بڕۆن و دەستەکانتان بەرز بکەنەوە."