زێلێنسکی: رووسیا لەرێگەی 37 درۆنی ئێرانی هێرشیکردووەتە سەر بەندەر و ناوچەکانی ئۆکرانیا

ژماره‌یه‌ك درۆنی ئێرانی
ژماره‌یه‌ك درۆنی ئێرانی

K24 – هه‌ولێر:

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت، رووسیا لەرێگەی 37 درۆنی ئێرانی لەجۆری شاهید هێرشیکردووەتە سەر بەندەر و ناوچەکانی ئۆکرانیا.

 زێلێنسکی ئاماژەی بەوەشدا، گرنگە جیهان لەسەر هێرشەکانی رووسیا رانه‌یه‌ت، چونکە هێرشەکان بۆ سەر سەقامگیری وڵاتانی دیکەش هەڕەشەن.

سەرۆکی ئۆکرانیا هه‌روه‌ها گوتی:" لەلایەن سەربازانمانەوە راپۆرتمان پێگەیشت کە سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی چەند درۆنێکی شاهیدیان خستووەتە خوارەوە، بە 37 درۆن هێرشەکان ئەنجامدران و هەندێکیان خرانە خوارەوە، خەڵک بریندار نەبوون و لەناوچەکانی باشوور و لە ئۆدێسا بەندەرەکانمان بە ئامانج گیران، لەگەڵ هاوپەیمانانمان هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی زیاتر بکەین، گرنگە بۆ جیهان لەسەر تیرۆری رووسیا رانەیەت، هەموو هێرشێک کێشەیەکی هاوبەشە، نەک تەنیا بۆ ئۆکرانیا بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەی جیهان کە رووسیا دەیەوێت سەقامگیریان تێکبدات."

ئۆکرانیا و وڵاتانی رۆژئاوا ئێران بە هاوکاریکردنی رووسیا لە جەنگی دژ بە ئۆکرانیا تۆمەتباردەکەن و هاوپەیمانی ناتۆش لە راگەیه‌ندراوی لوتکەی هاوپەیمانییەکە لە ڤیڵنیەس داوایان لە ئێران کرد بەهیچ شێوەیەک هاوکاری رووسیا لە دژی ئۆکرانیا نەکات.

ماوەیەکی زۆرە باس لە بەکارهێنانی درۆنی ئێرانی لەلایەن سوپای رووسیاوە لە شەڕی ئۆکرانیادا دەکرێت، بەڵام ئێران ئەمە رەتدەکاتەوە.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.