کونسوڵی بەریتانیا بۆ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان: رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکەن

رۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان
رۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

کونسوڵی بەریتانیا داوا لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکەن و بە پێویستیشی دەزانێت، شارەکە بونیاتبکرێتەوە و دووبارە ئەمن و ئاسایش بۆی بگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023،  رۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان لەمیانی بەڕێوەچوونی  کۆنفرانسی نۆ ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییان بە دروشمی (بەرەو داهاتوویەکی بەردەوامی سەقامگیر بۆ ئێزدییان) لە شاری هەولێر؛ ئاماژەی بەوە دا، بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە تێکشکاندنی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و لە پەیوەندیدا دەبێت لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یەکجارەکی کۆتایی بە داعش بهێندرێت و لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بکرێت.

کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بە پێویستی دەزانێت رێککەوتنی شنگال لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێت و ئاوارە ئێزدییەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئەمن و ئاسایشیان گەرەنتی بکرێت و شنگال دووبارە بونیاتبکرێتەوە.

بەگوتەی کونسوڵی بەریتانیا، تا ئێستا نزیکەی هەشت هەزار ئێزدی لە دەستی داعش رزگارکراون و لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کاردەکەن بۆ ئەوەی هاوکاری ئێزدییەکان بکرێت. گوتیشی، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکارییەکی باشی کوردانی ئێزدییان کردووە، بەتایبەت لەڕووی داراییەوە، "بەڵام پێویستە ئەم هاوکارییانە بەردەوامیان هەبێت و ئێمە وەکو حکومەتی بەریتانیا هەر هاوکارییەکی لەدەستمان بێت بۆ ئێزدییەکان دەیکەین."

پەرلەمانی کوردستان رۆژی سێی ئابی هەموو ساڵێکی بە رۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی ناساندووە و ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر کۆمەلکوژی کوردانی ئێزدی تێدەپەڕێت.

لە هێرشەکەی رۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە هەڵهاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال. بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان روویانکردە وڵاتانی دەرەوە.

 بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون.

هەر بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارەبوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.

 هەر بە پێی دوایین ئامار کە لە مانگی حوەزیراندا، لەلایەن نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی بڵاوکراوەتەوە، شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدیی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندراون کە لەو ژمارەیە تا ئێستا،‌ سێ ھەزار و 458 کەسیان رزگارکراون و دوو ھەزار و 693 رفێندراوی دیکەیش ھێشتا بێ سەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.

دوای هێرشەکانی داعش تاوەکو ئێستا زیاتر لە 85 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە، ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق 550 هەزار کەسە؛ بەهۆی دۆخی شنگالەوە ئێستا زۆرینەی ئێزدییەکان لە دەرەوەی ناوچەکانیان دەژین.

خەڵکی شنگال ئاماژە بەوە دەکەن، بوونی گرووپە چەکدارەکان، نەبوونی خزمەتگوزاری و ئارامی، هۆکارن کە نەتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هاوکات، هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەیان جددی نییە.