سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن پەرەپێدانی پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکەن

K24 - هەولێر
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن تاوتوێ دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ئەحمەد خەلایلە، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوردن و شاندێکی یاوەری کرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بە "پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن" کردووە و "هەڵوێستی دۆستانەی خاوەنشکۆ شاعەبدوڵڵای شای ئوردن"ـی لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان لە قۆناغە جیاکاندا بەرز نرخاندووە.
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، شاندی میوان "خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانی هەرێمی کوردستان نیشاندا و خواستی وڵاتەکەیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی لە بوارەکانی کشتوکاڵی و گەشتوگوزار و پەروەردە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دووپات کردەوە".
هەر یەکە لە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و مونتەسر عەقلە، باڵیۆزی ئوردن لە عێراق و کونسوڵی گشتیی ئوردن لە هەولێر ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 2ـی ئابی 2023، ئەحمەد خەلایلە، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوردن گەیشتە هەولێر و لەلایەن مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشوازی لێ کرا.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی 12ـی حوزەیرانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە فیراس ئەلهەواری، وەزیری تەندروستی ئوردن و شاندێکی یاوەری کرد و تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە بوو لە بواری تەندروستی و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی شانشینی ئوردن.
پێشووتریش و لە رۆژی شەممە 20ی نۆڤێمبەری 2021، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گەڵ ئەیمەن سەفەدی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردن کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا پەیوەندییە مێژووییەکانی ئوردن و هەرێمی کوردستان و دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کرا.
گەشەی ئابووریی ساڵانەی ئوردن نزیکەی سەدا 2ـە و بە وڵاتێکی بچووک و ئابوورییەکی گەورە ناسراوە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی تۆماری کۆمپانیاکان، زیاتر لە 91 کۆمپانیای ئوردنی لە هەرێمی کوردستان هەن؛ بە شێوەیەک زیاتر لە سەدا 70ـی کۆمپانیا وەک نوێنەرایەتی لقە سەرەکییەکان کار دەکەن و ئەوانی دیکەش بەشێوەی هاوبەش بەڕێوە دەبرێن. بواری بازرگانی گشتی و راوێژکاری زۆرترین رێژەی کۆمپانیا ئۆردنییەکان لە هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرن.



