لە ئەڵمانیا رێوڕەسمی نۆیەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بەڕێوەدەچێت

K24 – ئەڵمانیا:

لەچەند ووڵاتێکی ئەوروپادا بەبۆنەی تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە، چەندین مەراسیم ئەنجامدەدرێن، لە ئەڵمانیاش لەنزیک شاری فرانکفۆرت بەم بۆنەیەوە مەراسیمێک بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023) لە وڵاتی ئەڵمانیا لە نزیک شاری فرانکفۆرت بەبۆنەی نۆ ساڵ بەسەر تێپەڕبوونی جینۆسایدی ئێزدییەکان مەراسیمێک بەڕێوەدەچێت، ئەڵمانیا بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا زۆرترین ژمارەی ئێزدی تیادا دەژین. لەم مەراسیمەی ئەمڕۆشدا بڕیارە بە چەند چالاکییەکی ماتەمینی یادی ئەم کارەساتە بکەنەوە.

شەڕی داعش جگە لە ئاوارەکردنی کوردانی ئێزدی لە ناوخۆی وڵات و ناچارکردنیان بە جێهێشتنی ناوچەکانیان، بووە هۆی ئەوەی نزیکەی 100 هەزار کوردی ئێزدی بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچبکەن.

دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان، هێشتا ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدی بەهۆی ئاوەداننەکردنەوە و بوونی گرووپی چەکدار و ئاسایینەبوونەوەی دۆخی ناوچەکانیان ناچارن لەنێو کامپەکان یان لە وڵاتانی دیکەدا ژیان بەسەربەرن.

بەهۆی زۆری ژمارەی قوربانییانی ئێزدییەکان لەو کارەساتەدا، تاکوو ئێستا ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا وەک هۆڵەندا، بەلجیکا، ئەڵمانیا، نەمسا و بەریتانیا کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانیان بەجینۆساید ناساندووە.

لە هێرشەکەی رۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە هەڵهاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال. بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان روویانکردە وڵاتانی دەرەوە.

بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژران و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون.

هەر بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارەبوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.

هەر بە پێی دوایین ئامار کە لە مانگی حوەزیراندا، لەلایەن نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی بڵاوکراوەتەوە، شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدیی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندراون کە لەو ژمارەیە تا ئێستا،‌ سێ ھەزار و 458 کەسیان رزگارکراون و دوو ھەزار و 693 رفێندراوی دیکەیش ھێشتا بێ سەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.

دوای هێرشەکانی داعش تاوەکو ئێستا زیاتر لە 85 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.

Fly Erbil Advertisment