عەدنان عوبێد: هاووڵاتییانی سۆران دەتوانن بە نیو کاتژمێر مامەڵەکانی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی تەواو بکەن و وەریبگرنەوە

عەدنان عوبێد، بەرپرسی بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران
عەدنان عوبێد، بەرپرسی بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران

K24 – هەولێر:

ئەمڕۆ بەشی مۆڵەتی نێودەوڵەتی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران کرایەوە، هاوکات بەرپرسی بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران، رایدەگەیەنێت، هاووڵاتییانی سۆران دەتوانن بە نیو کاتژمێر مامەڵەکانی مۆڵەتی نێودەوڵەتی تەواو بکەن و وەریبگرنەوە.

عەدنان عوبێد، بەرپرسی بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند،پێشتر خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی پێویستبوو سەردانی پارێزگای هەولێر بکەن، بەڵام ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران هۆبەی مۆڵەتی نێودەوڵەتی بە فەرمی کرایەوە، کە دەبێتە ئاسانکاری بۆ خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

هاوکات راشیگەیاند، هەرکەسێک ئارەزووی وەرگرتی مۆڵەتی نێودەوڵەتی هەبێت دەتوانێت وەریبگرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، پێداویستییەکانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی، پێویستی بە دوو وێنەی مامەڵە، پاسپۆرت و مۆڵەتی شۆفێری ئاسایی هەیە، دوای رایکردنی کارەکان بە ماوەی نیو کاتژمێر هاووڵاتییان مۆڵەتەکەیان پێدەدرێتەوە.

بەرپرسی بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران، روونیکردەوە، مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی سێ جۆری هەیە، نرخی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی بۆ یەک ساڵ 60 هەزار دینار، بۆ دوو ساڵ 110 هەزار دینار و بۆ سێ ساڵ  160 هەزار دینار دەبێت.

عەدنان عوبێد، گوتی: خاوەنی ئەو مۆڵەتە نێودەوڵەتییە دەتوانێت لە سەرانسەری جیهان ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت هیچ کێشەی نابێت.

گوتیشی:  لە یەکەم رۆژی کردنەوەی هۆبەی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی لە سۆران، نزیکەی 10 هاووڵاتی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتییان دەرهێنا.

گوتیشی: بەهۆی کردنەوەی چەندین دەروازەی سنووری سۆران، لەگەڵ ئێران و تورکیا، پێشبینی دەکەین رۆژ بە رۆژ خواست لەسەر دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری زیاد بکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3/8/2023، بە ئامادەبوونی هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری سەربەخۆی سۆران، بۆ یەکەمجار بەشی مۆڵەتی شوفێری نێودەوڵەتی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران کرایەوە.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بۆ کەمکردنەوەی رۆتینیات و راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە هەنگاوێکی دیکەی گرنگدا ئەمڕۆ بەشی مۆڵەتی شوفێری نیودەوڵەتی لەناو هاوتووچۆی سۆران کرایەوە".