لە هەرێمی کوردستان هەنگاو بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری دەنرێت

K24 – هەولێر:

وەزارەتی كارەبای حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەنگاو بە ھەنگاو لە گەڕەك و ناوچەكان كارەبای نیشتمانی لەڕێگەی سیستمی پریپەید دەكاتە 24 كاتژمێری، ئەو ھاووڵاتی و كاسبكارانەی ئێستا كارەبای 24 كاتژمێریان ھەیە پشتیوانی لەو ھەنگاوە دەكەن كە پێدانی كارەبای نیشتمانی بە بەردەوامی وادەكات خەرجی لەسەر ھاووڵاتییان كەمتر ببێتەوە.

هاووڵاتییان ئێستا لە هەرێمی کوردستان کارەبای مۆلیدە و نیشتمانیش بەکاردێنن، بەڵام وەزارەتی کارەبا لە هەندێك شوێنی بازرگانی و یەکەکانی نیشتەجێ بوون کارەبای بە شێوەی24 کاتژمێری دابین دەکات. کەمال عەساف، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دوو لە هەولێر تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، کیلۆواتی کارەبای نیشتمانی بە بەراورد بە کارەبای مۆلیدە نرخەکەی هەرزانتر دەوەستێت لەسەر هاووڵاتییان.

یەکێک لە بازاڕەکانی شاری هەولێر کە کارەبای بە سیستمی پریپەید ھەیە و دوکاندارانی دەڵێن، ئێستا رزگاریان بووە لە پچڕان و خراپی کارەبا، بەشێوەیەکی بەردەوام نرخی کەمتر لە جاران کارەبای 24 کاتژمێریان پێدەدرێت.

رێککەوتی (3/5/2023) فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبای کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاری جێبەجێکردنی سیستەمی پریپەید لەلایەن وەزارەتی کارەباوە دراوە و "لە سەرەتادا لە ژمارەیەک لە یەکەکانی نیشتەجێبوونی شارە گەورەکان دەست پێ دەکرێت".

ئەوش خراوەتەڕوو، "ئەم هەنگاوە یەکێکە لە پڕۆژەکانی وەزارەت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری و دادپەروەری لە دابەشکردنی کارەبا و کەمکردنەوەی سەرپێچییەکانی کارەبا."

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: وەزیری کارەبا بەڵێنی دا باشترین میکانیزم و هەوڵەکان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی لە وەرزی هاویندا کە خواست لەسەر کارەبا زیاد دەبێت هیچ کێشە و گرفتێک تووشی هاووڵاتییان نەبێت.

Fly Erbil Advertisment