پارتی چاكسازی توركمان پێشوازی لە دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکات

K24 - هەولێر:
سهرۆكی پارتی چاکسازی تورکمان پێشوازی لە دیاریكردنی رۆژی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەکات.
لهمیانهی راگهیهندراوێكدا عهبدولقادر بازرگان سهرۆكی پارتی چاكسازی توركمان، پێشوازی له دیاریكردنی رۆژی بهڕێوهچوونی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان دهكات و دهڵێت: "پشتیوانی خۆمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دووپاتدەکەینەوە".
جەختیش دهكاتهوه، کە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ بەردەوامی و بەرەوپێشبردنی زیاتری پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان گرنگه.
سهرۆكی پارتی چاكسازی توركمان وێڕای پێشوازی لەم بریارەی سهرۆكی ههرێمی كوردستان لهبارهی دیاریكردنی رۆژی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان، گوتی: "پاڵپشتی خۆمان وەک پێکهاتەی تورکمان و پارتی چاکسازی تورکمان بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردن دووپاتدەکەینەوە".
داواش لە سەرجەم لایەنەکان دهكات، هاوکار و هەماهەنگ بن و هەموو پێکەوە پشتیوانی بەرێوەچوونی هەڵبژاردن بکەن و هەوڵی سەرکەوتنی ئەو پرۆسە دیموکراسییە بدەن.
رۆژی (3ـی ئابی 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024) وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێكکارە پێویستەکان.
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشکردبوو، دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی لەسەرە و بە راوێژ لەگەڵ هەموو لایەنەکان، رێککەوتوون لەسەر دیاریکردنی ئەو رۆژە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە (30ـی ئایاری 2023) لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئامادهكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دهكهن.
رۆژی (21ـی حوزەیرانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای پێشوازیکردنی لە جینین هێنس پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە تویتێکدا رایگەیاندبوو، "خەڵک مافی هەڵبژاردنی هەیە، لەگهڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، باسمان له ئامادهكارییهكان و پشتیوانی لهمبارهیهوه كرد".