ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات

K24 – هەولێر:
دوای راگەیاندنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە ناوخۆ و دەرەوە پێشوازی لەو هەنگاوەکرا و بەگوێرەی لێدوانی گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش، ئەو وادەیە بە راوێژ لەگەڵ هەموو لایەنەکان بووە و هەمووانیش پابەندی خۆیان نیشانداوە.
رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، رۆژی (25ـی شوباتی 2024) دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات.
لە دوای مەرسومەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش کە راستەوخۆ ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکرێت، بڕیار لەسەر ئەنجامدانی دەستپێکردنی رێکارەکانی سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت بە هەماهەنگی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
وەک یەکەم لایەنی سیاسیش، پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیشاندا و بەرپرسی راگەیاندنی بەشی هەڵبژاردنی پارتیش ئاشکرایکرد، پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 100 کاندیدی دەبێت و 30%ی ئەو ژمارەیەش ئافرەت دەبن.
هاوکات هەریەکە لە نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، فەرەنسا، هۆڵەندا، یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان و عێراق پێشوازییان لە دیاریکردنی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت کە لە ساڵی 2013 هەموارکراوەتەوە و پەرلەمانی کوردستان لە سەد کورسی گشتی و 11 کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیانەکان پێکهاتووە.
شێوازی هەڵبژاردن بەپێی ئەو یاسایە بە دەنگدانی نهێنی راستەوخۆ بەپێی سیستمی لیستی کراوەی سنووردار ئەنجام دەدرێت و هەر لیستێکی هەڵبژاردنیش نابێت رێژەی ئافرەتان لە کاندیدەکان لە 30% کەمتربێت و تەمەنی رێگەپێدراویش بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پەرلەمانی کوردستان 25 ساڵە.
لەبارەی کورسی کۆتاکانیش، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکانی کلدان، سریان، ئاشووری تەرخان دەکرێت و پێنج کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان و یەک کورسی بۆ پێکهاتەی ئەرمەن، کە پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتانە لەسەر کورسی تەرخانکراو کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
هاوکات بانگەشەی هەڵبژاردن دوای رۆژێک لە راگەیاندنی پەسەندکردنی لیستەکان لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە دەستپێدەکات و تا 48 کاتژمێر پێش دەستپێکردنی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییدێت.
ماوەی خولی پەرلەمانی وەک لە یاساکەدا روونکراوەتەوە، چوار ساڵە و لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی هەڵبژێردراو دەستپێدەکات، کە تێیدا ئەندامانی نوێی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخۆن و لە دوا دانیشتنی خولەکە لە ساڵی چوارەم کۆتاییدێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی (19ـی تەمموزی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی کرد رۆژی (18ـی شوباتی 2024) یان رۆژێکی دوای ئەو رێکەوتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە ناتوانن هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لەیەک کاتدا بەڕێوەببەن.
ئەو وەڵامەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دوای ئەوە هات کە رۆژی (10ـی تەمموزی 2023)، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و ئاماژەی بەوەکرد بهپێى فهرمانى ههرێميى ژماره (90) له (26ـی ئاداری 2023)، بڕياردراوه ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان لە رۆژى (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بهڕێوەبچێت، بۆ ئهو مهبهستهش داواى كردووه كۆميسۆنى باڵاى سهربهخۆى ههڵبژاردنى عێراق ئامادهيى نيشان بدات بۆ سهرپهرشتيكردنى ههڵبژاردن لهو رۆژەدا، یاخود لهگهڵ ههڵبژاردنى ئهنجوومهنى پارێزگاکانی عێراق له (18ـی کانوونی یەکەمی 2023).
دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە (30ـی ئایاری 2023) لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەو وادەیەی پێشتر دیاریکرابوو لەژێر سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و دوای ئەوەش لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆیان دەستپێکرد.
لەلایەن خۆیەوە، سەربەست ئامێدی سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زیاتر لە 50 ملیار دیناری پێویستە و بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکەش 30 هەزار کارمەندی دەوێت.
لەبارەی کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی رۆژی (3ـی ئابی 2023)، لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەوان دڵنیاییان وەرگرتووە لەوەی کە ماوەی کارکردنی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان درێژدەکرێتەوە کە لە (7ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆتاییدێت.
لە درێژەی قسەکانیدا، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ تەواوکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە راگەیاندنی ئەنجامەکانەوە تا پەسەندکردنی دانانی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە هەندێک لە رێکارەکان پێویستی بە 90 رۆژە و بۆ ئەوەش دڵنیاییان وەرگرتووە کە ماوەی یاسایی کارکردنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان درێژدەکرێتەوە لەسەر بنەمای ئەوەی بەڵێنێک وەرگیراوە بەشێوەی یاسایی ماوەی کارکردنی کۆمسیۆن درێژبکرێتەوە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
هەروەها گوتیشی، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پەسەندکردنی ئەنجامەکان لە دەسەڵاتی دادوەریدایە نەک کۆمیسیۆن، بۆیە دوای سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەگەر ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنیش تەواوبێت کێشەیان نابێت.
وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەو مەبەستەش کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستانیش بنکەکانی کردووەتەوە بە مەبەستی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوای لە هاووڵاتییان کردووە سەردانی بنکەکان بکەن.
خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە لە (30ـی ئەیلوولی 2018) بەڕێوەچوو، رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 59% و لە کۆی 29 لیستی بەشداربوو، 16 لیست توانییان کورسی پەرلەمانی بە رێژەی جیاواز بەدەستبهێنن و پارتی دیموکراتی کوردستان بە 45 کورسی لە پلەی یەکەم و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە 21 کورسی لە پلەی دووەم و بزووتنەوەت گۆڕان بە 12 کورسی لە پلەی سێیەم هاتن و ئەو سێ لایەنەش وەک سێ لیستی زۆرینەی پەرلەمانی کورستان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێکهێنا.
یهكهمین خولی پەرلەمانی کوردستانیش بهپێی یاسای ژماره (1)ـی بهرهی كوردستانی له (19ـی ئایاری 1992) بە بەشداری 967 هەزار و 229 دەنگدەر بەڕێوەچوو بۆ هەڵبژاردنی سەد کورسی گشتی و پێنج کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەی کریستیانەکان.
لە رۆژی (30 كانوونی دووهمی 2005)، خولی دووهمی ههڵبژاردنهكانی پهرلهمانی كوردستان ئهنجامدرا كه هاوكات بوو لهگهڵ ههڵبژاردنهكانی پەرلەمانی عێراق و ههڵبژاردنی ئهنجوومهنی پارێزگاكان. ئهمهش یهكهمین ههڵبژاردنی گشتی بوو كه دوای رووخانی رژێمی بەعس له هەرێمیكوردستان و عێراق ئهنجام بدرێت و ملیۆنێک و 753 هەزار و 919 دەنگدەر بەشدارییان تێداکرد بۆ هەڵبژاردنی سەد و 11 کورسی لە نێوان 13 لیستی هەڵبژاردن، کە لیستی نیشتمانی دیموکراتی کوردستان بە 104 کورسی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
هەروەها لە رۆژی (25ـی تەمموزی 2009)، پرۆسهی خولی سێیهمی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بەشداری 24 لیست بۆ كێبركێ لهسهر سەد و 11 کورسی بەڕێوەچوو کە 11 لیست توانیان رێژهی یاسایی بهدهستبهێنن و لیستی کوردستانی بە بەدەستهێنانی رێژەی زیاتر لە 57%ـی دەنگەکان زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستانیش لە (21ـی ئەیلوولی 2013) بە بەشداری 31 لیست بەڕێوەچوو، کە 17 لیستیان توانییان کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن و لیستی پارتی بە 38 کورسی پلەی یەکەم و بزووتنەوەی گۆڕان بە 24 کورسی پلەی دووەم و لیستی یەکێتی بە 18 کورسی لە پلەی سێیەم و لیستی یەکگرتوو بە 10 کورسی لە پلەی چوارەم هاتن.