لە جەددە هەوڵدەدرێت چارەسەر بۆ قەیرانی ئۆکرانیا بدۆزرێتەوە

لوتکەی جەددە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی ئۆکرانیا بەڕێوەدەچێت

دیمەنێکی لوتکەی جەددە بۆ ئاسایش و پەرەپێدانی سعوودیە - 16/7/2022 - ئەرشیف
دیمەنێکی لوتکەی جەددە بۆ ئاسایش و پەرەپێدانی سعوودیە - 16/7/2022 - ئەرشیف

K24 - هەولێر  

ئەمڕۆ لوتکەی جەددە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی ئۆکرانیا لە سعوودیە دەست پێدەکات.

چاوەڕوان دەکرێت لە لوتکەی جەددە 40 بۆ 50 وڵات لە سەرانسەری جیهانەوە بەشداری بکەن و تیایدا گفتوگۆ لەبارەی رەشنووسی ئاشتی ئۆکرانیا و دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا بکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی میدیای فەرمی سعوودیە، هەریەکە لە چین، ئەفریقای باشوور، هندستان و بەرازیل بەشداری لوتکەی جەددە دەکەن.

پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای کردبوو، جەیک سەلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جەددە دەچێتە سعوودیە.

هەرچەندە رووسیا وەک لایەنێکی سەرەکی شەڕەکە بانگهێشت نەکراوە، بەڵام سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە باسی لەوەکرد، کۆکردنەوەی ئەو وڵاتانە لە سعوودیە ئامانج لێی بڕواپێهێنانیانە بۆ جێبەجێکردنی رەشنووسی ئاشتی زێلێنسکی کە ئەو رەشنووسە واقیعی نییە و زیاتر لە خەیاڵەوە نزیکە.

لەم چەند ساڵەی دواییدا سعوودیە هەوڵدەدات لە رووی دیپلۆماسییەوە رۆڵی زیاتر دەگێڕێت و وڵات و لایەنە ناکۆکەکان کۆبکاتەوە، لە 16/7/2022، لوتەکەی جەددە بۆ ئاسایش و پەرەپێدانی سعوودیە بە ئامادەبوونی جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ژمارەیەک لە سەرۆک و نوێنەری وڵاتان بەڕێوەچوو.

Fly Erbil Advertisment