یەحیا رەسوڵ: تیرۆریستان هەوڵدەدەن تاوەرەکانی کارەبا بکەنە ئامانج و ئارامی خەڵک تێکبدەن

K24 - هەولێر
گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند: لە کاتێکدا کە حکومەتی عێراق هەوڵدەدات باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتیان بکات و بارگرانییەکانيان لەسەر کەم بکاتەوە، تیرۆریستەکان تاوەرەکانی کارەبا دەکەنە ئامانج و زیان بە ژێرخانی کارەبا دەگەیەنن.
یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا، کە حکومەتی عێراق هەوڵدەدات باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتیان بکات و بارگرانییەکانيان لەسەر کەم بکاتەوە، تیرۆریستەکان هەوڵدەدەن تاوەرەکانی کارەبا بکەنە ئامانج، کە دوایینیان تەقاندنەوەی تاوەرەکانی هێڵی گواستنەوەی کارەبای رۆژهەڵاتی بەغداد - دیالە 400 کەیفی بوو، لە ناوچەی خان بەنی سەعد.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەداوی گرنگیان دەستکەوتووە لەسەر ئەو کەسانەی کە ئەو کارە تیرۆریستیەیان ئەنجامداوە و ئارامیی هاووڵاتیان دەکەنە ئامانج، هەروەها ئەو لایەنانەی کە بە دورنین لەپشت ئەم ئامانجەوە، بۆیە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کرد، بە لێپرسینەوەکردن لەگەڵ هەر یەک لە فەرماندەی کەرتەکە و ئەفسەری هەواڵگری و ئەو فەرماندەیەی کە ناوچەکەی لە ژێر دەسەڵاتە، لە هەر کردەوەیەکی تێکدەرانە کە کاریگەری لەسەر تاوەرەکانی کارەبا درووست بکات.
راشیگەیاند، لایەنە تێکدەرەکان و ئەوانەی لەپشتیانەوەن لە لایەن هێزە ئەمنیەکانمانەوە دەستگیردەکرێن و رێگە نادەین دەست بۆ ئابووری و سامانی وڵات ببرێت.
یەحیا رەسوڵ، داوای لە هاووڵاتییان کرد، کە هاوبەش بن لە پاراستنی ئاسایش و پشتیوانیکردنی هەوڵە ئەمنییەکان بە پێشکەشکردنی هەر زانیاریەک دەربارەی هەر حاڵەتێکی گومانلێکراو کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی عێراق هەبێت، بەتایبەتی لەبارەی کاری تێکدەرییەوە.
هەروەها فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و بادیە، ئاسایشی سەرجەم وێستگە کارەباییەکان و تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبای لە چوارچێوەی کەرتەکەی راگەیاند، هاوکات ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی هاوبەشی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەلاحەدین و رۆژئاوای نەینەوا ئاشکرا کرد، بۆ پاراستنی وێستگە و تاوەرەکان.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و بادیە کەسیر عەبدولڕەحمان حەسەن رایگەیاند، "لە ئێستادا هەموو تاوەرەکانی کارەبا، چ گواستنەوە بێت یان وێستگەکان، پارێزراون"، ئاماژەی بەوەشکرد، "تەقینەوەکانی ئەم دواییە کە کاریگەرییان لەسەر یەکێک لە تاوەرەکان هەبوو، بەهۆی چاودێریکردن و کامێرا و دەوریەوە، داعش نەیتوانی تاوەرەکە بە تەواوی بتەقێنێتەوە".
دەشڵێت: هێڵی گواستنەوەی کارەبای سەلاحەدین - حەدیسە 400 مێگاواتی، کرایە ئامانج و تەقێندرایەوە، دواتر بووە هۆی کەوتنی تاوەری ژمارە 201 و وایەرەکان پچڕان، بە تایبەتی لە ناوچەی قەناتەر لە ناو پارێزگای سەڵاحەدین.