گۆڤارێکی ئەمەریکی: ئامادەبوونی دیپلۆماتکارێکی چین لە لوتکەی جەددە ئاماژەیە بۆ شتێک

K24 - هەولێر
گۆڤاری سلێتی ئەمەریکی لە راپۆرتێکدا پێیوابوو کە سەرنجڕاکێشترین شت لە لوتکەی جەددە سەبارەت بە قەیرانی ئۆکرانیا کەسایەتییە ئامادەبووەکانە، بەتایبەتی "لی هوی"، دیپلۆماتکاری چینی، چونکە بوونی ئەو ئاماژەیە بۆ شتێک.
گۆڤاری سلێتی ئەمەریکی لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، ئاماژەکان بۆ زیادبوونی نیگەرانی بەرپرسانی چینی سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا هەیە، بەو پێیەی دەبینن کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت، هەروەها پاڵپشتییەکانیان بۆ رووسیا هەرچەندە سنووردار بێت، زیان بە وێنەکەیانی دەگەیەنێت لە ئەوروپا کە ئەوان ئاواتەخوازن سەرکەوتنی ئابووری و سیاسییان هەبێت.
ئەوەشی راگەیاند، رەنگە سەرۆکی چین ئەو بەرپرسە باڵایەی "لی هوی"ی ناردبێت بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکات، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکانی لە هەڵوێستی چین بەرامبەر بە جیهاندا بووە.
لە درێژەی راپۆرتەکەی گۆڤاری سلێت دا هاتووە: رەنگە کۆنفرانسەکە بە چینییەکان بڵێت، کە پشتگیریکردنیان بۆ مۆسکۆ چەندی تێدەچێت، ئەمەش لە بەرامبەردا رەنگە پێیان بڵێت، کە دەتوانن چەند پارە و شکۆمەندی پاشەکەوت بکەن بە ڕۆڵگێڕان لە کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
گۆڤارەکە لە زاری شارەزایانی چینی بڵاویکردووەتەوە، ئەو کاتە گونجاو نییە پاڵ بە یەکلاییکردنەوەی ململانێکانەوە بنێین، چونکە سەرۆکی رووسیا بەرەنگاری هەر فشارێک دەبێتەوە بۆ وەستاندنی شەڕەکان، لانیکەم تا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەمەریکا.
دەشڵێت: ئەگەر دۆناڵد ترەمپ دووبارە هەڵبژێردرێتەوە، پێدەچێت واشنتن کۆتایی بە پشتیوانییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا بهێنێت، ئەمەش پوتین دەخاتە دۆخێکی باشترەوە، چ لە رووی سەرکەوتنی راشکاوانە لە جەنگەکەدا، چ لە رووی سەپاندنی ئاشتییەوە کە رووسیا دەخاتە دۆخێکی زۆر باشترەوە.
سلێت لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، "چینییەکان دەبێت هەندێک کار بکەن، وەک هاندانی مۆسکۆ بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە، چونکە بەرژەوەندییەکانی چین راستەوخۆ لە مەترسیدایە".