سووتاندنی قورئانی پیرۆز دۆخی سویدی ئاڵۆز کردووە

K24 – سوید:

لەم دوایانەدا سوید بووەتە بابەتی میدیاكانی جیهان، وڵاتێك كە بەردەوام بە یەكێك لە وڵاتە دوور لە كێشەكان ناوبانگی هەبووە و بە دیموكراترین وڵاتیش ناسراوە، ئێستا بە هۆی كێشە ئایینی و سیاسییەكانەوە بەردەوام رووداوی تازەی تێدا روودەدات، ئەم وڵاتە پابەندە بە یاساكانی و ئەمەش بووەتە هۆی نانەوەی كێشەی زیاتر لە كۆمەڵگەكە، سووتاندنی قورئانی پیرۆز یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانە كە سوید رووبەڕووی بووەتەوە.

لەماوەی چەند مانگی رابردووشدا سەلوان مۆمیكا بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز باروودۆخی سویدی دژووار کردووە، حكومەتی سویدیش دەڵێ، بە هۆی یاسای ئازادی رادەڕبڕین ناتوانین پێش بەم كردەوەیە بگرین. ئازاد ئەمین، پارێزەر تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین یاسایەک بگۆڕین پێویستمان بە سێ خولی پەرلەمانی هەیە، دوای ئەم سێ خولە دەتوانین دەستکاری یاسایەک بکەین، زیاتر لە 50 ساڵە ئێمە ئەو یاسا بنەڕەتیانەمان دەستکاری نەکردووە و دەستکاریش ناکرێت".

گوتیشی: "یاسای ئازادی رادەربڕین یەکێکە لەو یاسانەی کە دیموکراتیەتی لەسەر بیناتنراوە، یەکێکە لە یاسا هەرە گرنگییەکان کە هەموو وڵاتانی دیموکراتی شانازی پێوە دەکەن، بۆیە گۆڕینی زۆر ئەستەمە".

لەگەڵ ئەوەی بەشێكی زۆر لە وڵاتانی مۆسڵمان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە سوید دەربڕیووە و رەخنەی توندیان لێ گرتوون و باڵوێزی  سویدییان لە وڵاتی خۆیان دەركردووە، بەڵام حكوومەتی سوید دووبارە دەڵی، ئێمە یاسامان هەیە و پابەندین بەو یاسایە، ئێستاش دەڵێن، چەند وڵاتێكی دیكە لە پشت ئەم ئاڵۆزییانەی سویدەوەن .

لەلایەن خۆیەوە، ئۆلە مۆلەر، پەرلەمانتار، بۆ کوردستان24، گوتی: "ئەمە چەند کەمپینێکە کە روویسا و ئیران و چەند وڵاتێکی دیکە لە پشتییەوەن، بێگومان تا ئامانجەکەشیان لە سوید بەدەست نەهێنن هەروا بەردەوامدەبن، ئێمەش نازانین شەڕی رووسیا بەرامبەر بە ئۆکرانیا کەی کۆتایی دێت، کە ئەمە بەشێکە لە کێشەکە لەگەڵ سووتاندنی قورئانی پیرۆزیش پێکەوە گرێدراون، دەتوانم بڵێم ئەمە شێوەیەکە لە بازرگانی".

یاسای بنەڕەتی سوید لە سێ بەش پێكهاتووە، كە یەكێك لە یاسا بنەڕەتییەكان ئازادی رادەربڕینە، لەكاپتاڵی دوو مادەی یەك دەڵێ، هەموو كەس مافی ئازادی رادەربڕینی هەیە بە واتای ئازادی لە قسە كردن لە نووسین و ئازادی لە وێنە و یان بە شێوەیەكی دیكە بیر و بۆچوونەكان و هەستەكانی دەرببڕێت، ئەو یاسایەش كاتێك دەتوانرێ دەسكاری بكرێت كە سێ خولی پەرلەمان تێپەرێنێت، لەخولی یەكەم باسی لێوە دەكرێت، لەخولی دووەم دەخەوێنرێت، لەخولی سێیەم ئاڵوگۆڕی بەسەردادێت . كەواتە ئەم یاسایە هەشت بۆ 12 ساڵ كاتی دەوێ بۆ گۆڕین.

ئاڵۆزییەكانی سوید تا دێت زیاد دەكات و حكوومەتیش تاکوو ئێستا هیچ بڕیارێكی یەكلاكەرەوەی لەسەر سووتاندنی قورئانی پیرۆز و كێشە و ئاژاوەكانی دیكەی ناو سوید نەداوە، بەرپرسانیش دەڵێن، دەستی چەند وڵاتێك لە پشت ئاڵۆزییەكانی سویدەوەیە، تا 12ـی مانگی 9 پەرلەمانیش لە پشوودایە، ئاڵۆزییەکان خەڵكی بەتەواوی نیگەران كردووە.

رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان "حاجییان"، پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بەناوى (سەلوان مۆمیکا) لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی ئەو وڵاتە، "قورئانی پیرۆز"ی سووتاند. ئه‌و ره‌فتاره‌  لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سویدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.

هەڵوێستەکەی ئەو پەنابەرە عێراقییە، لە عێراق و وڵاتانی دیکە کاردانەوەی توندی بەدواداهات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوید بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینییەوە، بەڵام لە عێراق توندترین هەڵوێست روویدا و خۆپیشاندەران چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا و دواتریش لەگەڵ دووبارەبوونەوەی رووداوێکی هاوشێوە لە ستۆکهۆڵم، حکومەتی عێراق داوای لە باڵیۆزی سوید کرد عێراق بەجێبهێڵێت و باڵیۆزی عێراقیشی لە ستۆکهۆڵم گەڕاندەوە.

دوای رووداوی هاوشێوە لە دانیمارک لە رۆژی (24ـی تەمموزی 2023) بوو، کاتێک چەند کەسێک لە بەردەم باڵەخانەی باڵیۆزخانەی عێراق لە دانیمارک، هەستان بە سووتاندنی کۆپییەک لە قورئانی 'پیرۆز' و بێڕێزیکردن بە ئاڵای عێراق، کە ئەمە جاری دووەمە لەو وڵاتە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ئەم کارە دووبارە دەکرێتەوە.

Fly Erbil Advertisment