وەزارەتی نەوتی عێراق: هەنگاوەکانی تەواوکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز خێراتر دەکرێت

دیمەنێکی کۆبوونەوەکە
دیمەنێکی کۆبوونەوەکە

K24 -  هەولێر:

وەزارەتی نەوتی عێراق ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی یاسای نەوت و غاز راگەیاند و جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە کە هەنگاوەکانی تەواوکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز خێراتر دەکرێت.

لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، بە پشتبەستن بەو پاکێجە چاکسازییە یاساییانەی کە لە کارنامەی حکومەتدا هاتبوون، بە تایبەتی ئەوەی لە بڕگەی 23ـدا هاتووە لەبارەی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز، بۆ پەلەکردن لە تەواوکردنی رەشنووسەکە بە بەشداری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک ئامادەبوونی هەردوو جێگری سەرۆکوەزیران، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و شاندی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت و ژمارەیەک لە راوێژکارانی سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی وەزارەتی نەوت.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوت لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی و ئامانجەکانی یاسای نەوت و ‌غاز کراوە و جەخت لە پێویستی تەواوکردنی لە زووترین کاتدا کراوەتەوە، بە بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوت، و نوێنەرانی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر بنەمای کارانەی حکومەت کە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکراوە.

هەروەها کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، دەبێت یاسای نەوت و غاز ببێتە پاڵپشتییەکی سەرەکی بۆ بەرەوپێشبردنی وەبەرهێنان لە سێکتەری نەوت و غاز بە باشترین پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کە لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراق بێت.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا دوو راسپاردە پەسەندکرا،یەکەمیان بۆ پێکهێنانی چەند لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون بۆ پرسی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز و رێکخستنی کۆبوونەوەکانی دواتر.

لە راسپاردەی دووەمی کۆبوونەوەکە باس لەوەکراوە، لیژنەکانی بەدواداچوون کارنامەیەک ئامادە دەکەن لەسەر ئەو تێڕوانینەی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوتەوە لە کۆبوونەوەکاندا خراوەتەڕوو، کە دوای تاوتوێکردنیان لەلایەن لیژنەکانەوە بۆ گەیشتن بە ئامادەکردنی رەشنووسی کۆتایی یاسای نەوت و غاز.

لە یاسای بودجەدا، زۆرترین داهاتی بودجەی گشتی عێراق پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە کە لە رۆژێکدا دەبێت سێ ملیۆن 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکات بە 400 هەزار بەرمیلەکەی هەرێمی کوردستانیشەوە، کە نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە. هەروەها بەهای 100 دۆلاریش بە 130 هەزار دینار جێگیرکراوە.

دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (25ـی ئاداری 2023)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا و تا ئێستاش هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە.

دوای چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانیش لەنێوان تیمەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی نووسراوی ئاراستەی تورکیا کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا چاوەڕێی وەڵامی لایەنی تورکیان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە.

لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا بەڕێوەبردن و هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستان جێگەی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا بووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی بە مافی خۆی زانیوە و لەبەرامبەریشدا حکومەتی فیدراڵ پێیوابووە، ئەو کارە لەدەسەڵاتی ئەودایە، هەربۆیە نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک و چارەسەری ناکۆکییەکان بە رێککەوتنی سیاسی لە کابینە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دواخراون، بەڵام لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم پرسە یەکلاکرایەوە و هەولێر و بەغدا گەیشتنە رێککەوتن.

ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە پرسی نەوت بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە و چەندین جار گەیشتوون بە رێککەوتن، بەڵام هیچ کات رێککەوتنەکان وەک خۆی جێبەجێنەکراون.

لەدوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، حکومەت هەنگاوی بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان نا، ئەمەش لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا بە تەواوی رەنگیدایەوە، کاتێک مەسرور بارزانی لە گوتاری دەستبەکاربوونیدا جەختی لەسەر چارەسەر کردنی کێشەکان بەگوێرەی دەستوور لەگەڵ بەغدا کردەوە.

دوای بەردەوامی هەوڵ و گفتوگۆکان لەنێوان هەردوولا و یەکەم سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا لە (11ـی کانوونی دووەمی 2023) دوای دەستبەکاربوونی کابینەکەی سوودانی، دوای ئەوەش لە (14ـی ئاداری 2023)ـش محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەولێری کرد، کە ئەمانەش بەشێک بوون لە هەوڵەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.

دواتریش بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کە رۆژی (4ـی نیسانی 2023) لە بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی واژۆکرا، هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، رۆژانە بڕی 450 هەزار بەرمیل لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات و ئەمەش لە یاسای بودجە جێگیرکراوە.

ئەوەی هەرێمی کوردستانیش جەختی لەسەر دەکاتەوە لەو یاسایەدا، داڕشتنەوەیەتی لەسەر بنەمای دەستوور و مافە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان کە رێگە دەدات بە مامەڵکردن و سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی نەوت و غاز هەروەکو ئەوەی لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستاندا هاتووە.