بەریتانیا لەبارەی کۆچی نایاسایی هەنگاوێکی دیکە دەنێت

K24 - هەولێر

بۆ رووبەڕوبوونەوەی کۆچی نایاسایی، حکومەتی بەریتانیا هەماهەنگی لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستپێکرد.

پێگەی حکومەتی بەریتانیا بڵاویکردەوە، لەگەڵ ژمارەیەک تۆڕی کۆمەڵایەتی هاوبەشییەکی نوێیان پێکهێناوە، بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەو بابەتانەی تیایاندا بڵاودەکرێنەوە و خەڵک بۆ کۆچی نایاسایی بەرەو بەریتانیا هاندەدەن.

حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ هەریەکە لە کۆمپانیاکانی مێتا، تیکتۆک، ئێکس (تویتەری پێشوو) رێککەوتووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پۆستانەی لەوێ دەکرێن و باس لە گەیاندنی پەنابەر بە گەرەنتی بۆ بەریتانیا دەکەن.

لەماوەی رابردوودا، بەریتانیا چەندان رێگەی جۆربەجۆرێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی گرتووەتەبەر لەوانەش: بڕیاری ناردنی پەنابەران بۆ روەندا، جێگیرکردنی پەنابەران لە سەر کەشتییەکان، ناردنەوەی هەر پەنابەرێک کە بە نایاسایی بچێتە ئەو وڵاتەوە، سەرباری هەموو ئەوانەش بەپێی ئامارەکان لێشاوی کۆچی نایاسایی لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەردەوامە.

لە (18ـی تەمموزی 2023)، پەرلەمانی بەریتانیا پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە کۆچبەران پەسەنکرد، کە ئەو پڕۆژەیاسایە بە بەردی بناغەی پلانەکانی ریشی سوناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دادەنرێت، کە هەوڵدەدات بەرەنگاری کۆچبەرە نایاساییەکان ببێتەوە.

پێشتر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڵێنیدا بوو رێگری بکات لەو کۆچبەرە نایاساییانەی لە رێگەی دەریاوە لە کەناراوەکانی فەرەنسا روو لە وڵاتەکەی دەکەن.

لە ساڵی 2022، زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەری نایاسایی لەرێگەی بەلەمەوە گەیشتنە وڵاتی بەریتانیا، هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە 13 هەزار کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا.

Fly Erbil Advertisment