بەحرەین داوا لە هاووڵاتییانی دەکات لوبنان جێبھێڵن

لوبنان
لوبنان

K24 - هەولێر:

بەهۆی نالەباری رەوشی ئەمنی وڵاتەکە، بەحرەین ھاوشێوەی چەند وڵاتێکی دیکە داوا لە هاووڵاتییانی دەکات لوبنان جێبھێڵن.

باڵیۆزخانەی بەحرەین لە لوبنان هۆشداری دایە هاووڵاتیانی له‌و ناوچانه‌ی لوبنان‌ دووربكه‌ونه‌وه‌ کە شه‌ڕی تێدا روویداوه ‌و داوایشیان لێ ده‌كات بە خێرایی خاکی لوبنان بەجێبهێڵن.

پێشتریش ھەریەكە لە سعودیە، کوێت، ئەڵمانیا و بەریتانیا هەمان داوایان لە هاووڵاتییانی خۆیان کردبوو.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە کەمپی "عەین حەلوە"، کە گەورەترین کەمپی فەڵەستینییەکانە لە لوبنان، شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان گرووپی شەباب موسلیم لەگەڵ چەکدارانی بزوتنەوەی فەتحی فەڵەستینی روویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە 13 کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.

گرووپی شەباب موسلیم، بە گرووپێکی نزیک لە بزووتنەوەی حەماس و جیهادی فەڵەستینی دادەندرێت.

هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕەکە لە نێوان ئەو دوو گرووپە، دوای ئەوە دێت، کە ئەندامێکی بزووتنەوەی فەتح هەوڵی کوشتنی ئەندامێکی گرووپی شەباب موسلیمی داوە، بۆیە ئەو گرووپەش لە بەرانبەردا، فەرماندەیەکی سەربازی و سێ ئەندامی دیکەی بزووتنەوەکەیان کوشت.

لەلای خۆیەوە، نەجیب میقاتی، سەرۆکی حکومەتی لوبنان دوێنێ شەممە رایگەیاند، دۆخی ئەمنی وڵاتەکە بە گشتی نابێتە هۆی نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ، گوتیشی: لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمپی عەین حەلوە.

هەرچەندە ئاگربەست لە رۆژی دووەمی شەڕەکەدا راگەیەندرا، بەڵام هیچ لایەنێک پابەندی نەبوو. هەر بەهۆی شەڕەکەوە و بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی لوبنان، 13 کەس کوژراون، کە دووانیان منداڵن و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و ئاوارە ببن.

12 کەمپی پەنابەرانی فەڵەستینی لە لوبنان هەن و ژمارەی پەنابەرە فەڵەستینییەکان بە زیاتر لە 450 هەزار کەس دەخەمڵێندرێت. بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، نزیکەی 54 هەزار فەڵەستینی لە کەمپی عەین حەلوەی لوبنان دەژین. لە نێو کەمپەکاندا گرووپی چەکداری جۆراوجۆری فەڵەستینی هەن، کە هەندێکیان دژ بەیەکن و جاربەجار پێکدادان لەنێوانیاندا روودەدات.