ناوچەیەکی ئاغجەلەر بۆردومان کرا
K24 - سلێمانی
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چەند ناوچەیەکی ناحیەی ئاغجەلەر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لەلایەن چەند فڕۆکەیەکی نەناسراو بۆردومان کرا.
سەرچاوەیەک لە ئاغجەلەر کە نەیویست ناوی بنووسرێت بە کوردستان24ی راگەیاند: "سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 6/8/2023 لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە گوندی چنارتوو لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەر لە چەمچەماڵ بۆردومانكرا، بەگوێرەی زانیارییەكان بەهۆی بۆردومانەكەوە شەهیدو بریندار هەیە".
کوردستان24 پەیوەندی بە هێمن بەهجەت بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر کرد، ئەو دەڵێت: "سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ئاگادار کراینەوە کە ئاگر لە شاخی چنارتوو کەوتووەتەوە، ئێمەش لەگەڵ تیمەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیسی دارستان، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە چووینە شوێنەکە، ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە".
بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر، گوتیشی: "من نازانم هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چی بووە، چونکە خۆم گوێم لە دەنگی بۆردومان نەبووە، بەڵام بنکەکانی پەکەکە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەو سنوورە هەن".