بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان: نۆ گەورە بازرگانی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیرکران

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی نۆ گەورە بازرگانی ماددەهۆشبەرەکان و دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەری راگەیاند.
رۆژی یەکشەممە (6ـی ئابی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان رایگەیاند، نۆ گەورە بازرگانی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیرکران و دەستبەسەر بڕی زیاتر لە چوارسەد و 52 کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن و 50 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ئەفیۆندا گیرا .
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاساییش، تیمی لێکۆڵینەوە و بەداواداچوونی بەڕێوەبەرایتییەکە بە هاوکاری دژەتیرۆری کوردستان لەبەرواری (1ـی ئابی 2023) توانییان سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیربکەن، لە لێکۆڵینەکان دەرکەوت کە ئەو سێ تۆمەتبارە ئەندامی باندێکی نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەرن و زانیاری تەواویان لەسەر چەند کۆگایەکی ماددەی هۆشبەر هەیە لەناو عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
دوای هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش، دواتر ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکان و دژەتیرۆری کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرکانی حکومەتی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک پێکهێندرا، تواندرا لە پارێزگای دهۆک سێ گەورە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیربکرێن و لەگەڵیشیاندا دەستبەسەر بڕی دوو سەد و 36 کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن و 35 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ئەفیۆندا بگیرێت .
هەروەها لەناوچەی رەبیعە و پارێزگای ئەنبار بەهەمان شێوە شەش بازرگان دەستگیرکران و لەگەڵیشیاندا دەست بەسەر بڕی دوو سەد و 16 کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن و 15 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ئەفیۆندا گیرا.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرچاوەی ماددەهۆشبەرەکانی ئەو تۆڕە مەترسیدارە نێودەوڵەتییە لە وڵاتانی دراوسێ بووە بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان و عێراق لەوێشەوە بە ئاراستەی وڵاتانی کەنداو رۆیشتووە.