کوردستان24 هەوڵێکی ساختەکاری بۆ هەڵبژاردن لە کەرکووک ئاشکرا دەکات

بنکەیەکی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە کەرکووک
بنکەیەکی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە کەرکووک

K24 - کەرکووک:

عەرەبەکانی سنووری حەویجە و ناوچەکانی دیکەی دەورووبەری کەرکووک، لە هەوڵی گواستنەوەی ناوەکانیان لە تۆماری دەنگدەران بۆ بنکەکانی سەنتەری شاری کەرکووک و کوردستان24 چەند ئامارێک لەبارەیەوە ئاشکرا دەکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، عەرەبەکانی سنووری حەویجە و ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی کەرکووک، بەلێشاو ناوەکانیان لە تۆماری دەنگدەران بۆ بنکەکانی دەنگدان لە سەنتەری شاری کەرکووک دەگوازنەوە، و بەرپرسێکی باڵای پارتیش لە کەرکووک رایگەیاند ئەو هەوڵێکە بۆ ساختەکاری و پێویستە رێگری لێبکرێت.

بەپێی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا تەنیا لە یەک بنکەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە سەنتەری شاری کەرکووک، لەکۆی هەزار و 300 کەس کە سەردانی بنکەکەیانکردووە، 600 کەسیان خەڵکی سنووری حەویجە و شاروشارۆچکەکانی دیکە بوونە و ناوەکانی خۆیان بۆ سەنتەری شاری کەرکووک گواستووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانیش لەو ماوەیەدا، لە بنکەکانی دیکەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران زیاتر لە 30 هەزار کەس مامەڵەی گواستنەوەیان بۆ ناو سەنتەری شاری کەرکووک بۆ کراوە و پرۆسەکەش بەردەوامە.

لەمبارەیەوە محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کوردستان24 رایگەیاند، ئەوان بەگومانەوە لەو هەوڵەی عەرەبەکان دەڕوانن و پێیانوایە مەبەست لەم هەنگاوە ساختەکارییە و پێویستە رێگری لێبکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە (6ـی ئابی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە، نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران تا کۆتایی دەوامی رۆژی (12ـی ئابی 2023) درێژکرایەوە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق.

وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەو مەبەستەش کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق مەبەستی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە سەرەتای مانگی رابردووەوە بنکەکانی بۆ هاووڵاتییان کردووەتەوە.

0
0
0
0
0
Fly Erbil Advertisment