ئۆکرانیا: گفتوگۆکانی لوتکەی جەددە بەرهەمداربوون

لوتکەی جەددە
لوتکەی جەددە

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی باڵای ئۆکرانیا رایدەگەیەنێت، گفتوگۆکانی لوتکەی جەددە بەرهەمداربوون.

لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کارەکانی "لوتکەی جەددە بۆ ئاشتی ئۆکرانیا" لە سعوودیە، ئەندریە یێرماک بەڕێوەبەری نووسینگەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند: گفتوگۆی بەرهەمدارییان سەبارەت بە بناماکانی ئاشتی بۆ رێککەوتنی سیاسی درێژخایەن ئەنجامدا.

بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئۆکرانیا باسی لەوەشکرد، سەرباری ئەوەی وڵاتەکان دیدگای جیاوازییان هەبوو، بەڵام گفتوگۆکانیان راشکاو و کراوەبوون.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی راگەیاندنی سعوودیە ئاماژەی بەوەدا، بەشداربووان کۆکبوون لەسەر بەردەوامیدان بە راوێژ بۆ رەخساندنی زەمینەی ئاشتی.

لوتکەی جددەی سعوودیە، 5/8/2023 بە بەشداری زیاتر لە 40 وڵات لەناویاندا ئەمەریکا، چین، هندستان و بەرازیل سەبارەت بە ئاشتی ئۆکرانیا دەستی بەکارەکانی کرد، زۆرینەی گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانیش بەشێوەی داخراو ئەنجامدران.

بەر لە دەستپێکردنی لوتکەی جەددە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای کردبوو، جەیک سەلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جەددە دەچێتە سعوودیە.

هەرچەندە رووسیا وەک لایەنێکی سەرەکی شەڕەکە بانگهێشت نەکراوە، بەڵام سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە باسی لەوەکرد، کۆکردنەوەی ئەو وڵاتانە لە سعوودیە ئامانج لێی بڕواپێهێنانیانە بۆ جێبەجێکردنی رەشنووسی ئاشتی زێلێنسکی کە ئەو رەشنووسە واقیعی نییە و زیاتر لە خەیاڵەوە نزیکە.

Fly Erbil Advertisment