لە کەناراوەکانی تونس بەلەمێکی کۆچبەران نقوم بوو 55 قوربانی لێکەوتەوە

K24 - هەولێر
بەرپرسێکی تونس رایگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی تونس نقوم بووە، 55 قوربانی لێکەوتووەتەوە.
بەرپرسێکی دادوەری تونس رایگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی دورگەی قەرەقنەی تونس نوقم بووە، لانیکەم چوار کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و 51 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن، بە گوتەی ئەو بەرپرسە، سەرجەم کۆچبەرانی ناو کەشتییەکە خەڵکی ئەفریقا بوونە.
وەزیری ناوخۆی تونس لە مانگی تەمموزی رابردوودا رایگەیاندبوو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا رۆژی 20ی تەمموز، 901 تەرمی کۆچبەرانی خنکاویان لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە دۆزیوەتەوە، کە ئەمەش ژمارەیەکی بێ وێنەیە لە قوربانیانی کۆچبەری لە کەناراوەکانی تونس.
ئەمساڵ تونس شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەریی و کارەساتی نوقمبوونی بەلەمەکانی ئەو کۆچبەرانەی لە ئەفریقاوە دێن بەخۆیەوە بینیووە، کە ئەو کۆچبەرانە هەوڵدەدەن بگەنە کەناراوەکانی ئیتاڵیا.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە تونس جێگەی لیبیای گرتۆتەوە وەک خاڵی سەرەکی دەستپێکی ئەو کۆچبەرانەی لە هەژاری و ململانێکان لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدێن، کە هەوڵدەدەن ژیانێکی باشتر لە ئەوروپا بنیات بنێن.