مۆسکۆ مەرجەکانی خۆی بۆ چارەسەری هەمیشەیی ململانێکان لەگەڵ ئۆکرانیا رادەگەیەنێت

رووسیا
رووسیا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا پشتڕاستی کردەوە، کە هەرچارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ململانێکان لەگەڵ ئۆکرانیا چاوەڕوانکراوە ئەگەر هاتوو ئۆکرانیا هێرشەکانی رابگرێت، هاوکات ناردنی چەکی رۆژئاوییش بۆ ئۆکرانیا رابگیرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (7ـی ئابی 2023) ماریا زاخارۆڤا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، پێشنیازەکانی "زێلێنسکی" بۆ ئاشتی ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی بۆ قەیرانەکە نییە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، " کیێڤ و رۆژئاوا هەوڵدەدەن گرنگی پێشنیارەکانی ئاشتی بۆ وڵاتانی دیکە کەم بکەنەوە، بە مەبەستی قۆرخکردنی مافی پێشنیارکردنی هەر پێشنیازێک بۆ چارەسەرکردن."

جەختی لەوە کردەوە کە "پێشنیازەکانی زێلێنسکی ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی نییە بۆ قەیرانەکە لە هیچ خاڵێکیدا".

سەبارەت بە کۆبوونەوەی جددە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا پشتڕاستی کردەوە "پێشبینی دەکات وڵاتانی بریکس کە بەشدارن لە کۆبوونەوەی جدە سەبارەت بە ئۆکرانیا مۆسکۆ لە پێشکەوتنی راوێژکارییەکانی نێوانیان رووسیا ئاگەدار بکەنەوە.

زاخارۆڤا گوتی: رووسیا هەمیشە کراوە بووە و هەرواش دەمێنێتەوە بۆ چارەسەری دیپلۆماسی بۆ قەیرانی ئۆکرانیا.

ئەمەش لە کاتێکدایە کۆبوونەوەی"لوتکەی جەددە بۆ ئاشتی ئۆکرانیا" لە سعوودیە، سازدرا و لەو بارەیەوە ئەندریە یێرماک بەڕێوەبەری نووسینگەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند: گفتوگۆی بەرهەمدارییان سەبارەت بە بناماکانی ئاشتی بۆ رێککەوتنی سیاسی درێژخایەن ئەنجامدا.

بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئۆکرانیا باسی لەوەشکرد، سەرباری ئەوەی وڵاتەکان دیدگای جیاوازییان هەبوو، بەڵام گفتوگۆکانیان راشکاو و کراوەبوون.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی راگەیاندنی سعوودیە ئاماژەی بەوەدا، بەشداربووان کۆکبوون لەسەر بەردەوامیدان بە راوێژ بۆ رەخساندنی زەمینەی ئاشتی.

لوتکەی جددەی سعوودیە، 5/8/2023 بە بەشداری زیاتر لە 40 وڵات لەناویاندا ئەمەریکا، چین، هندستان و بەرازیل سەبارەت بە ئاشتی ئۆکرانیا دەستی بەکارەکانی کرد، زۆرینەی گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانیش بەشێوەی داخراو ئەنجامدران.

بەر لە دەستپێکردنی لوتکەی جەددە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای کردبوو، جەیک سەلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جەددە دەچێتە سعوودیە.

هەرچەندە رووسیا وەک لایەنێکی سەرەکی شەڕەکە بانگهێشت نەکراوە، بەڵام سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە باسی لەوەکرد، کۆکردنەوەی ئەو وڵاتانە لە سعوودیە ئامانج لێی بڕواپێهێنانیانە بۆ جێبەجێکردنی رەشنووسی ئاشتی زێلێنسکی کە ئەو رەشنووسە واقیعی نییە و زیاتر لە خەیاڵەوە نزیکە.

Fly Erbil Advertisment