بەریتانیا لەمەودوا کۆچبەران لەسەر کەشتییەک نیشتەجێ دەکات

K24 – هەولێر:

بەریتانیا بڕیاریدا، لەمەودوا کۆچەبەران لەسەر کەشتییەک نیشتەجێ بکات کە بە کەشتی "بیبی ستۆکهۆڵم" ناسراوە، شوێنی کەشتییەکە  دەکەوێتە کەناراوەکانی باشووری رۆژئاوای ئینگلتەرا.     

ئەمڕۆ دووشەممە (7ـی ئابی 2023)، حکومەتی بەریتانیا ، دەستیکرد بە نیشتەجێکردنی کۆچبەران لەناو کەشتییەکدا کە لە کەناراوەکانی باشووری رۆژئاوای ئینگلتەرا لە شاری پۆرتلاند راگیراوە، ئەمەش لە دوایین سیاسەتی کۆچبەریدا کە مشتومڕی لەسەرە و رەخنەی زۆری خەڵکی ناوچەکە و هەڵمەتی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە.

بڕیاری جێگیرکردنی کەشتییەکە لە پۆرتلاند کە دوورگەیەکی بچووکە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 13 هەزار و 600 کەسە، کاردانەوەی هەندێک لە خەڵکی ناوچەکەی لێکەوتەوە و دەڵێن، ناوچەکە بۆ ئەو ئەرکە گونجاو نییە.

هەروەها داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ هێرشیان کردووەتە سەر ئەو سیاسەتە و دەڵێن، کە کەشتییەکە بۆ ئەو مەبەستە ناشایستە و لە چەند هەفتەی رابردوودا خۆپیشاندن بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامدرابوو.

حکومەتی بەریتانیا کە هەوڵدەدات تێچووی نیشتەجێکردنی پەنابەری کەم بکاتەوە دوای زیادبوونی ژمارەی هاتنی پەنابەران لە رووبارەکان بە بەلەمی بچووک لە ساڵانی رابردوودا، پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە کەشتییەکی شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو دابین دەکات.

گوتەبێژی ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "حکومەت بە دروستی دەزانێت جێگرەوەیەک بدۆزرێتەوە کە تێچووەکەی لەسەر حکومەت کەمبێت "پێمان وایە ئەمە یەکێکە لە جێگرەوەکان."

هەروەها حکومەتی سوناک هەوڵدەدات لەڕێگەی یاسایەکی نوێی "کۆچی نایاسایی" کۆچبەران رابگرێت، کە مانگی رابردوو دەرچووە، کە رێگری دەکات لە داوای مافی پەنابەری لەلایەن هەموو ئەو کەسانەی کە لەڕێگەی کەناڵ و ڕێگاکانی دیکەی "نایاسایی"ەوە هاتوون.

لە (18ـی تەمموزی 2023)، پەرلەمانی بەریتانیا پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە کۆچبەران پەسەنکرد، کە ئەو پڕۆژەیاسایە بە بەردی بناغەی پلانەکانی ریشی سوناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دادەنرێت، کە هەوڵدەدات بەرەنگاری کۆچبەرە نایاساییەکان ببێتەوە.

پێشتر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڵێنیدا بوو رێگری بکات لەو کۆچبەرە نایاساییانەی لە رێگەی دەریاوە لە کەناراوەکانی فەرەنسا روو لە وڵاتەکەی دەکەن.

لە ساڵی 2022، زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەری نایاسایی لەرێگەی بەلەمەوە گەیشتنە وڵاتی بەریتانیا، هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە 13 هەزار کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا.

Fly Erbil Advertisment